دادوەران ڕۆژی سێشەممە وتییان داوایان لە باڵاترین دادگای فەڕەنسا کردووە پێداچوونەوەیەک بکات بە یاسایی مۆڵەتێکی دەستگیرکردنی فەڕەنسایی بۆ سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەسەر خاکی سوریا لە ساڵی 2013 دا.
ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەڵێت یەکێک لەو هێرشانە لە مانگی هەشتی ساڵی 2013 دا بۆ سەر گەڕەکەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە دیمەشق بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 1400 کەس، بە زیاتر لە 400 منداڵیشەوە.
دادوەران دەڵێن ڕۆژی هەینی داواکەیان لەسەر بنەمای دادوەریی ئاڕاستەی دادگای تانەدانی پاریس کردووە، دوو ڕۆژ دوای ئەوەی دادگای پێداچوونەوە فەرمانی مۆڵەتی دەستگیرکردنی ئەسەدی هێشتەوە کە لە مانگی یانزەدا دەرچووە.
ئۆفیسی داواکاری گشتی لە دادگا لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەم بڕیارە بە هیچ شێوەیەک سیاسیی نیە. بڕیارەکە سەبارەت بە هەبوونی پرسێکی یاسایی چارەسەرکراوە."
باوەڕوایە فەڕەنسا یەکەمین وڵات بووبێت فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی وڵاتێکی بیانی دەربکات.
دوای ئەوەی چەندین گروپی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ سکاڵایان دژی ئەسەد تۆمار کرد لەسەر ڕۆڵەکەی لە زنجیرەی سەرکردایەتیدا بۆ " هێرشە کیمیاییەکان " لە 4 و 5 و 21 ی مانگی هەشتی ساڵی 2013 دا، دادوەرانی تایبەتمەند لە لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیدا مۆڵەتی دەستگیرکردنەکەیان دەرکرد.
بەڵام دادوەرانی یەکەیەک کە تایبەتمەندن لە لێکۆڵینەوە لە هێرشە " تیرۆریستییەکان " هەوڵییانداوە هەڵیبوەشێننەوە، بەڵام هیچ گومانێکییان نیە لەو بنەمایانەی کە مۆڵەتی دەستگیرکردنەکە سەرچاوەی گرتووە لێیانەوە.
دەڵێن پارێزبەندی بۆ سەرۆکە بیانییەکان تەنها دەبێت لەلایەن دادوەرانی نێودەوڵەتییەوە لاببرێت، وەکو دادوەرەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.
جگە لە ئەسەد، مۆڵەتی دەستگیرکردن بۆ ماهیری برای و سەرکردەی یەکەی چواری هێزی تایبەتی سوپا و دوو جەنەڕاڵ بە ناوەکانی غەسان عەباس و بەسام ئەلحەسەنەوە دەرکراوە.
دادوەرەکانی دژە تیرۆر تەنها داوای هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی دەستگیرکردنەکەی بەشار ئەسەدییان کردووە.
سەرەتا سکاڵا یاساییەکە دژی بەشار ئەسەد لەلایەن ئەم لایەنانەوە تۆمارکرا: ناوەندی میدیایی و ئازادی ڕادەربڕینی سوریا، ئەنجومەنی پارێزەرانی دەستپێشخەری دادی کۆمەڵایەتی کراوە و ئەرشیفی سوریا کە ڕێکخراوێکە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە سوریا تۆمار دەکات.
سەرۆکی ناوەندی میدیایی و ئازادی ڕادەربڕینی سوریا مازن دەرویش ڕەخنەی لە هەنگاوەکەی ڕۆژی سێشەممە گرت.
دەرویش بە فرانس پرێسی وت " ئەم داوای تانەدانە وەکو جووڵەیەکی سیاسیی دەبینین کە ئامانج لێی پاراستنی دیکتاتۆرەکان و تاوانبارەکانی جەنگە."
پارێزەران جیین سولزەر و کلێمێنس ویت کە نوێنەرایەتی کەسوکاری قوربانییان هێرشەکان دەکەن، وتییان داواکە لە دادگای تانەدان " دووبارە هەڕەشە لە هەوڵەکانی قوربانییەکان دەکات بۆ دادگاییکردنی بەشار ئەسەد."
بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر هێرشەکانی 21 ی مانگی هەشتی ساڵی 2013، بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا هەبوون لەسەر بەکارهێنانی گازی سارین لە مووادەمیەت ئەل شام و زەمالکا و عەین تەرما لە گەڕەکەکانی غوبتای دیمەشق.
شەڕی ناوخۆی سوریا کە لە مانگی سێی ساڵی 2011 دا هەڵگیرسا دوابەدوای سەرکوتکارییەکانی حکومەتەکەی ئەسەد دژی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت، بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی دیکە.
لە ساڵی 2013 دا سوریا ڕازیبوو پەیوەندی بە دەزگای قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییەوە بکات، ئەوەش بە ماوەیەکی کورت دوای هێرشەکانی غوبتا.
بەڵام دەزگاکە دواتر حکومەتەکەی سوریای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی بەردەوامبوون لە هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی سڤیل بە چەکی کیمیایی لە جەنگەکەدا، دیمەشقیش ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە.
لە ساڵی 2021 دا مافی دەنگدانی سوریا لە دەزگاکەدا هەڵوەشێندرایەوە، ئەمەش داوای هێرشە کیمیاییەکانی سەر هاووڵاتییانی سڤیل لە ساڵی 2017 دا.
دەزگاکە بۆی دەرکەوت کە ڕێکخراوی داعش و کارەکتەرێکی دیکە لە جەنگەکەی ناو سوریادا گازی خەردەلییان لە هێرشەکانی ساڵی 2015 دا بۆ سەر باکووری سوریا بەکارهێناوە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس
دادگای باڵای فەڕەنسا پێداچوونەوە بە مۆڵەتێکی دەستگیرکردنی بەشار ئەسەدی سوریا دەکات
