Accessibility links

سەرۆکی پێشووی تایوان سەردانی چین دەکات و بەڵێنی ئاشتی دەدات


سەرۆکی پێشووی تایوان ما یینگ جیو کە لە شۆڕشی کۆمیونیستەکانەوە لە ساڵی 1949 ەوە تاوەکو ئێستا یەکەمین سەرۆکی پێشوو و ئێستای تایوانە سەردانی چین بکات، ڕایگەیاند هیوادارە سەردانەکەی ئاشتی و پەیوەندییەکی باشتر بەدوای خۆیدا بهێنێت.

ئۆفیسی ما وتی لە فڕۆکەخانەی شانگهای پودۆنگ لەلایەن بەرپرسانی چینەوە پێشوازی لێکراوە، بە چێن یوانفینگیشەوە کە جێگری سەرۆکی ئۆفیسی پەیوەندییەکانی چین و تایوانە. سەردانەکە لەلایەن پارتی پێشکەوتنخوازی دیموکراتی فەرمانڕەواوە ڕەخنەی لێگیرا.

پێش ئەوەی بەرەو چین بەڕێبکەوێت، لە فڕۆکەخانەی سەرەکی نێودەوڵەتی تاویوانی تایوان مای تەمەن 73 ساڵ وتی " زۆر دڵخۆشم " بەو سەردانە کە تیایدا قسە لەگەڵ خوێندکاراندا دەکات و سەردانی گۆڕی باوباپیرانی دەکات لە چین.

ما لە ساڵی 2008 ەوە تاوەکو ساڵی 2016 سەرۆکی تایوان بوو، یەکەمین سەرۆکیشە کە سەردانی چین بکات لە دوای ئەوەی لە ساڵی 1949 دا حکومەتە شکستخواردووەکەی کۆماری چین لە کۆتایی شەڕی ناوخۆدا دژی کۆمیونیستەکانی چین هەڵاتن بۆ تایوان.

سەردانەکە لە نێوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان پەکین و تایپێیدا دێت لە کاتێکدا کە چین بەردەوامە لە فشارە سەربازی و ئابوورییەکانی دژی تایوان، لە هەوڵیدا بۆ ڕازیکردنی تایوان تاوەکو دەسەڵاتی چین بەسەر دوورگەکەدا پەسەند بکات.

ما وتی " جگە لەوەی بۆ ڕێزلێنان لە باوباپیرانم دەچم، هەروەها خوێندکارەکانی زانکۆی تایوانیش دەبەم بۆ چین تاوەکو قسەیان لەگەڵدا بکەم، لە هیوای ئەوەدا لە ڕێی پەرۆشی و پەیوەندییەوە لەگەڵ گەنجەکاندا ئاشتی زووتر و خێراتر پێمان بگات لێرە."

پارتی پێشکەوتنخوازی دیموکراتی تایوان ڕەخنەی لە ما گرت کە لە ڕۆژی دووشەممەدا سەردانی چین دەکات، وتی سەردانەکەی لەو کاتەدا گونجاو نیە بەهۆی ئەوەی ڕۆژێک لەوەوپێش هوندۆراسی هاوپەیمانی درێژخایەنی تایوان پەیوەندییەکانی لەگەڵ تایپێیدا پچڕاند و پەیوەندی لەگەڵ چیندا دامەزراند.

ما ئەندامێکی باڵای پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی تایوانە کە بە کومینتانگ ناسراوە، پارتەکە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ چیندا دەوێت، بەڵام بە توندی ڕەتی دەکاتەوە لایەنگری چین بێت. دەڵێت پەیوەندیکردن لەگەڵ چیندا لە ئێستا زۆر پێویستە، ئەوەش بەهۆی گرژییەکانی تەنگەی تایوانەوە.

بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی لە ساڵی 2015 دا تسای ئینگ وێن وەکو سەرۆکی تایوان دەستنیشان کرا، ما لە سینگاپوور لەگەڵ سەرۆکی چیندا کۆبۆوە.

چین داوا بەردەوامەکانی تسای بۆ گفتوگۆکردن ڕەت کردۆتەوە و پێی وایە تسای جیاخوازە. تسای دەڵێت تەنها گەلی تایوان دەتوانن بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG