پۆلیس دەڵێت ژنە پەرلەمانتارێکی پێشووی ئەفغانستان و پاسەوانەکەی لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە کابوڵی پایتەخت بە فیشەک کوژراون.
مورسەل نەبیزادە یەکێک بوو لەو چەند ژنە پەرلەمانتارە کەمەی کە دوای ئەوەی تاڵیبان ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵ کردەوە لە کابوڵ مانەوە.
لە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی دەسەڵاتی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، ئەمە یەکەمین جارە پەرلەمانتارێکی حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستان لە کابوڵ بکوژرێت.
سەرۆکی پۆلیسی ناوخۆ مولاڤی حەمیدوڵا خالید وتی نەبیزادە و پاسەوانەکەی کاتژمێر 3 ی بەیانی لە هەمان ژووردا تەقەیان لێکراوە و کوژراون.
وتیشی براکەی و پاسەوانی دووەمیش بریندار بوون. پاسەوانی سێیەم بە پارە و زێڕەوە هەڵاتووە.
خالید وتی نەبیزادە لە نهۆمی یەکەمی ماڵەکەیدا کوژراوە. وتیشی لێکۆڵینەوە دەکرێت. هەروەها وەڵامی پرسیارەکانیشی نەدایەوە سەبارەت بەوەی دەکرێت پاڵنەری ئەو کوشتنە چی بووبێت.
عەبدوڵا عەبدوڵا کە بەرپرسی باڵای حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستان بوو، وتی زۆر دڵتەنگ بووە بە مەرگی نەبیزادە و هیوادارە تاوانباران سزا بدرێن. وتی نەبیزادە " نوێنەر و خزمەتکاری خەڵک " بووە.
پەرلەمانتارێکی پێشووی دیکەی قەندەهار، مەلالای ئیشاقزایی بە هەمان شێوە سەرەخۆشی خۆی ڕاگەیاند.
نەبیزادە لە ساڵی 2019 دا بۆ نوێنەرایەتیکردنی کابوڵ هەڵبژێردرا و تاوەکو گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە پۆستەکەیدا مایەوە.
نەبیزادە ئەندامی کۆمسیۆنی بەرگری پەرلەمان بووە و لە گروپێکی ناحکومیشدا کاری کردووە، ناوەندی گەشەپێدان و توێژینەوەی سەرچاوە مرۆییەکان.
سەرچاوە/ AP