Accessibility links

خواردەمەنی لە شوێنی گونجاوی خۆی هەڵبگرە با ڕووداوی ناخۆشی لێنەکەوێتەوە


ئاکامە مەترسیدارەکانی خواردنی خواردەمەنی خراپـبوو هەندێک جار زۆر زیاترە لەوەی پـێشبینی دەکرێت. کاتێک خواردەمەنیـیەکان لە شوێنی دروستی خۆیاندا هەڵناگیرێن یان ناخرێنە ناو ساردکەرەوە، دەبنە شوێنێکی گونجاو بۆ گەشەکردنی بەکتریا و کەڕوو کە خواردنیان دەبێتە هۆکاری تووشبوون بە نەخۆشی و هەندێک جار کوشندەش دەبن.

بەپـێی دەزگای حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکا بۆ چاودێری خۆراک و دەرمان FDA ، گەرمای نێوان 4.4 پـلەی سەدی هەتا 60 پلەی سەدی مەترسیدارترین پلەن بۆ زیادبوونی بەکتریا و کەڕوو لەسەر خواردەمەنی. دەڵێن هێشتنەوەی خواردەمەنی لەو پـلە گەرمایانە بۆ ماوەی 20 خولەک بەسە بۆ ئەوەی کەڕوو و بەکتریاکان دوو هێندەیان لێبێت.

بۆیە دەزگای FDA دەڵێت لە 2 کاتژمێر زیاتر خواردەمەنی لە دەرەوەی ساردکەرەوە مەهێڵەرەوە، وە ئەگەر شوێنەکە گەرم بوو و پلەی گەرما گەیشتبووە 32 پلەی سەدی، ئەوا نابێت لە یەک کاتژمێر زیاتر خواردەمەنی لە دەرەوەی ساردکەرەوە بێت.

لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت وریای پلەی گەرمای نێو ساردکەروەکانیشمان بین کە پـێویستە لە نێوان سفر بۆ 4 پلەی سەدی بن. ئەگەر پلەی گەرمای ناو ساردکەرەوە گەیشتە 4.4 پـلەی سەدی ئەوا دەبێتە شوێنێکی گونجاو بۆ گەشەکردنی بەکتریا. بۆیە پـێویستە بە لایەنی کەم هەموو شەش مانگ جارێک پلەی گەرمای ناو ساردکەرەوەکانمان بپـێوین تاوەکو دڵنیابین لەوەی بەباشی کاردەکەن.

ئەگەر دەتەوێت خواردنێک بە گەرمی بمێنێتەوە پـێویستە لەسەروو 60 پلەی سەدی بهێڵرێتەوە، وە ئەگەر دەتەوێت بە ساردی بمێنێتەوە دەبێت لە شوێنێک دایبنێیت کە خوار 4 پلەی سەدی بێت.

ئەم زانیاریانە پێویستە هەموو لێـی ئاگاداربین، چونکە چەندان جار هەبووە بەهۆی خراپـبوونی خواردنێکەوە چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە.

لەم دوایـیانە کەسێک بە ناوی بێرنارد ڤیدیۆیەکی لەسەر یوتیوب بڵاوکردووەتەوە و چیرۆکێکی داڕشتووەتەوە لەسەر بەسەرهاتی خوێندکارێکی زانکۆ لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کە بە خواردنێکی خراپبوو گیانی لەدەست دا. ڤیدیۆکە لە ماوەی کەمتر لە 10 ڕۆژدا زیاتر لە 2.46 ملیۆن بینەری هەبووە.

بێرنارد سوودی وەرگرتووە لە ڕاپـۆرتێکی پـزیشکی American Society for Microbiology کە باس لە مەرگی ئەو خوێندکارە دەکات.

لە ڕاپـۆرتەکەدا هاتووە، لە 1ی مانگی دەی ساڵی 2008 کوڕێکی تەمەن 20 ساڵ باری تەندروستی تێکچوو پاش ئەوەی مەعکەرۆنیەکی خواردبوو کە 5 ڕۆژ بوو دروستکرابوو و نەخرابووە ناو ساردکەرەوەوە. بەپـێی ڕاپـۆرتەکە لە دوای نزیکەی 10 کاتژمێر کوشتبووی. لێکۆڵینەوە پـزیشکیـیەکان دەریانخستووە چۆن ئەو خواردنە خارپـبووە وەک ژەهرێکی کوشندە کاری لە جەستەی ئەو کوڕە گەنجە کردبوو و جگەری لە کارخستبوو.

بێرنارد لە چیرۆکی ڤیدیۆکەیدا دەڵێت ئەم خوێندکارە بۆ ئەوەی بتوانێت خەرجییەکانی خوێندنی دابینبکات هەوڵی دابوو ڕۆژانە هەرزانترین خواردن بخوات، ئەویش مەعکەرۆنیـیە. هەموو هەفتەیەک لە ڕۆژی یەکشەمماندا بڕێکی زۆری مەعکەرۆنی دەکوڵاند و دەیخستە چەند قاپـێکەوە و لە ساردکەرەوە هەڵی دەگرتن و ڕۆژانە قاپێکی بە مایکرۆوەیڤ گەرم دەکردەوە و دەیخوارد. بەڵام ئەو جارەیان بیری چووە قاپێکیان بخاتە ناو ساردکەرەوە و هاوڕێکەی لە پاش دوو ڕۆژ قاپەکەی بینیوە و بۆی خستووەتە ناو ساردکەرەوەکە و خوێندکارەکەش نەیزانیوە و گەرمی کردووەتەوە و خواردویەتی.

لە کاتی خواردنیدا هەستی بە جیاوازی لە بۆنەکەیدا کردبوو، بەڵام وایزانیبوو بۆنی ئەو سۆسە نوێـیەیە کە تازە کڕیبووی و کردبووی بەسەریدا بۆیە زۆر گوێی پێ نەدابوو و بەردەوامبووە لە خواردنی. پاش نانخواردن وەکو هەموو ڕۆژێکی دیکەی چووە وەرزشبکات، بەڵام پاش نزیکەی 30 خولەک هەستی بە سەر ئێشە و سک ئێشە کردبوو و گەڕاوەتەوە بۆ ماڵێ و سکی چووە و بە دوایدا دەرمانێکی سک ئێشە و سکچوونی خواردووە بەو ئومێدەی چاکبێتەوە، بەڵام لە نیوە شەودا لە تاو ئازار و هێڵنجدانەوە هەستاوە و دواتر گیانی لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG