Accessibility links

بڕیارە ڕۆژی سێشەممە یەکەم گەشتی بەڕیتانیا بۆ ڕەوانەکردنی پەنابەران بۆ ڕواندا دەستپێبکات


بڕیارە یەکەم گەشتی بەڕیتانیا بۆ ڕەوانەکردنی پەنابەران بۆ ڕواندا ڕۆژی سێشەممە دەستپێبکات، حکومەتیش هۆشداری دەدات لەسەر ئەوەی هەر کەسێک لە دوایین ساتدا خۆی لێبدزێتەوە لە گەشتێکی دیکەی دواتردا دادەنرێت.

بەڕیتانیا گرێبەستێکی 120 ملیۆن پاوەندی ' 148 ملیۆن دۆلار ' ی لەگەڵ ڕواندادا واژۆ کردووە تاوەکو هەندێک لە پەنابەرانی ناو بەڕیتانیا ڕەوانەی ئەو وڵاتە بکات، بڕیارەکە ئەو پەنابەرانە دەگرێتەوە کە بەشێوەیەکی نایاسایی لە ئەوروپاوە بە بەلەمە بچووکەکان بە کەناڵی ئینگلیزدا پەڕیونەتەوە بۆ بەڕیتانیا.

پلانەکە پارتە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و ڕابەرانی کەنیسەکانی تۆقاندووە کە دەڵێن ئەمە بڕیارێکی نامرۆییە. سەرۆکی ڕێکخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان پلانەکەی بە " کارەسات " ناوبرد، سەرانسەری سەرکردایەتی کەنیسەی بەڕیتانیا سەرکۆنەی پلانەکەی کرد و بە " سیاسەتێی نائەخلاقی ناویبرد کە بەڕیتانیا شەرمەزار دەکات."

حکومەتی بەڕیتانیا دەڵێت ستراتیژی ڕەوانەکردنی پەنابەران بۆ ڕواندا پێویستە، ئەوەش بۆ کەمکردنەوەی شەپۆلی کۆچبەران کە ژیانی خۆیان لە پەڕینەوە بە کەناڵەکەدا دەخەنە مەترسییەوە، هەروەها تۆڕەکانی قاچاخچییەکان لەناودەبات.

بەرپرسێکی حکومەتی بەڕیتانیا کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت وتی دوای ئەوەی هەندێک سکاڵای یاسایی تاکەکەسی کراوە ئەگەری هەیە فڕۆکەکە بەبێ هیچ پەنابەرێک گەشت بکات. حکومەت فڕۆکەیەکی تایبەتی ئامادە کردووە کە وابڕیارە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە بەرەو ڕواندا بەڕێبکەوێت.

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس بە سکای نیوزی وت " بەنیازین دواتر لەمڕۆدا فڕۆکەکە بنێرین. ناتوانم بڵێم بەدیاریکراوی چەند کەس لە گەشتەکەدا دەبن. بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە بنەمایەکە دابنێین."

وتیشی " خەڵک لەم گەشتەدا دەبن و ئەگەر لەم گەشتەشدا نەبن ئەوا لە گەشتی دواتردا دەبن، چونکە ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی مۆدیلی ترسناکی بازرگانەکان بە مرۆڤەوە لەناوببەین."

دادگاکانی بەڕیتانیا داواکانی گروپەکانی مافەکانی مرۆڤیان ڕەت کردۆتەوە بۆ ڕاگرتنی ئەم گەشتەی یەکەمی پەنابەران بۆ ڕواندا، بەڵام بڕیارە دادگای باڵای لەندەن پێش ئەوەی فڕۆکەکە بڕوات گوێ بیستی دۆسییەی دیکە ببێت.

بەهۆی کێشە یاساییەکانەوە، ئێستا تەنها کۆمەڵێکی کەم بە گەشتی یەکەم دەڕۆن.

ڕۆژی سێشەممە بڕیارە 37 کەس ڕەوانەی ڕواندا بکرێن، ڕێکخراوە خێرخوازییەکان دەڵێن ئەو کەسانە ئەوانە دەگرێتەوە کە لە ئەفغانستان و عێراق و سوریاوە هەڵهاتوون. بەپێی ڕێکخراوی خێرخوازی کەیر4کالاس بەهۆی کۆمەڵێک سکاڵای یاسایی سەرکەوتووەوە ئەو ژمارەیە کەم بۆتەوە بۆ تەنها حەوت کەس.

بڕیارە هێشتا لانی کەم سێ دادگای باڵای پێداچوونەوە گوێبیستی دۆسییەکان بێت.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن سیاسەتەکە پەنابەران دەخاتە مەترسییەوە. دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ڕواندا کە تۆماری مافەکانی مرۆڤی خۆی لەژێر لێکۆڵینەوەیەدا، توانای ئەوەی نیە ئەو خەڵکانە وەربگرێت، مەترسییەکیش هەیە لەسەر ئەوەی ڕەنگە پەنابەرەکان ڕەوانەی وڵاتانی خۆیان بکرێنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG