ئەو کۆمپانیایە کە خاوەنی مافی هێنانە دەرەوەی کەشتیی تایتانیکی هەیە، دوای چەندین ساڵ یەکەمین گەشتی خۆی بۆگەڕان بە دوای داروپەردووی کەشتییەکە ئەنجام دەدات، ئەوانەی بەشدارن لە ئەرکەکەدا دەڵێن دڵنیان گەشتەکە قورس دەبێت بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئامانجی گەورەیان هەیە بۆ گەشتێک کە ساڵێک دوای کارەساتی ژێرئاوگەڕەکە دێت کە کۆمپانیایەکی دیکەی تێیدا بەشداربوو و بووە هۆی گیان لە دەستدانی پێنج کەس.
کۆمپانیای RMS Titanic Inc. کە لە جۆرجیایە، مافی یاسایی هەیە بۆ پشکنین و دەرهێنانەوەی داروپەردووی کەشتییەکە، کە لە ساڵی 1912 دا لە زەریای نۆرث ئەتلانتیک نقووم بوو. گەشتەکەی کۆمپانیاکە بۆ کەشتییەکەی تایتانیک یەکەمین گەشتە لە دوای ساڵی 2010 ەوە و ڕۆژی هەینی لە پرۆڤیدینسی ڕۆد ئایلەند دەستیپێکرد.
گەشتەکە لە کاتێکدایە کە جیهانی گەڕیدەکانی ژێر دەریا هێشتا باش نەبوونەتەوە لە دوای تەقینەوە کوشندەکەی ژێرئاوگەڕێک لە مانگی شەشی ساڵی 2023 دا کاتێک لە ڕێگایدا بوو بەرەو تایتانیک. کارەساتی ژێرئاوگەڕەکە بووە هۆی کوژرانی سەرجەم ئەو پێنج کەسەی کە لە ژێرئاوگەڕەکەدا بوون، بە بەڕێوبەری توێژینەوەی ژێردەریایی RMS Titanic پۆڵ هێنردی نارجیۆلێتیشەوە.
نوێنەرانی کۆمپانیاکە وتییان گەشتەکە تەکنەلۆجیای نوێی وێنە بەکاردەهێنێت و ئوتومبێلی بێ شۆفێر بەکاردەهێنێت بۆ گرتنی وێنەی وردی تایتانیک و شوێنەکەی.
سەرۆکی کۆمپانیاکە جێسیکا ساندەرس وتی " ئەم ئەرکە گرنگە یارمەتیمان دەدات بە شێوەیەک وێنەی تایتانیک بگرین کە بێپێشینە بێت و دۆزینەوەی نوێ لە شوێنەکەیەوە بدۆزینەوە و بۆ خەڵکی بڵاوبکەینەوە."
وتەبێژی کۆمپانیاکە جۆن هامۆند وتی کەشتی دینۆ چۆویست کە بەرەو تایتانیک دەچێت، چەند ڕۆژێک دەخایەنێت تاوەکو دەگاتە شوێنی داروپەردووی تایتانیک، هەروەها بڕیارە لە 13 ی مانگی هەشتدا بگەڕێتەوە.
نوێنەرانی کۆمپانیاکە وتییان کارەکە ڕێگە بە کۆمپانیاکە دەدات شیکارییەکی گشتی بکات بۆ دۆخی ئێستای شوێنی تایتانیک و هەڵسەنگاندنی شوێنەوارەکان بە وردی کە دەکرێت بۆ دۆزینەوەکانی داهاتوو بەکاربهێندرێن.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
دوای کارەساتی ژێرئاوگەڕەکە، یەکەم گەشت بۆ پشکنینی پاشماوەی کەشتی تایتانیک لە ماوەی 14 ساڵدا دەستپێدەکات
