Accessibility links

یەکەم تانکەری گازی شل لە ئەمەریکاوە گەیشتە ئەڵمانیا


تێرمیناڵی گازی شل لە بەندەری ڤیلهێڵمزهافن، ئەڵمانیا
تێرمیناڵی گازی شل لە بەندەری ڤیلهێڵمزهافن، ئەڵمانیا

یەکەمین باری گازی شلی سروشتی لە ئەمەریکاوە گەیشتە ئەڵمانیا، ئەوەش وەکو بەشێک لە هەوڵە بەرفراوانەکان بۆ یارمەتیدانی ئەڵمانیا لە دۆزینەوەی شوێنگرەوەیەک بۆ ئەو وزەیەی کە لە ڕووسیاوە وەریدەگرت.

کەشتی تانکەری ماریا ئینێرجی گەیشتە بەندەری ڤیلهێڵمزهافنی باکوور، کە لەوێ گازە شلەکە لە تێرمیناڵێکی تایبەتدا کە مانگی ڕابردوو ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز کردییەوە، دەگۆڕدرێت بۆ گاز.

ئەڵمانیا هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ دۆزینەوەی شوێنگرەوەیەک بۆ گازی ڕووسیا، ئەوەش دوابەدوای داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا. دامەزراوەکەی بەندەری ڤیڵهێڵمزهافن یەکێکە لەو تێرمیناڵانەی کە بەمەبەستی خۆبەدوورگرتن لە کەمبوونەوەی وزە دروستکراون.

هاوکات ئەڵمانیا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو گازەی کە لە ڕووسیاوە وەریدەگرت، بۆ ماوەیەکی کاتی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای بە خەڵوز چالاک کردۆتەوە و ماوەی کارکردنی دوایین سێ وێستگە ناوەکییەکەی تاوەکو ناوەڕاستی مانگی چوار درێژکردۆتەوە.

چالاکەوانەکانی ژینگە وتیان پلانییان هەبووە خۆپیشاندان بکەن دژی گەیشتنی ماریا ئینێرجی، دەڵێن ئەڵمانیا نابێت سوتەمەنی بەردبوو هاوردە بکات، بە دیاریکراوی ئەو گازەی کە لە ڕێی هەڵکەندنی زەوییەوە دەردەهێندرێت.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG