Accessibility links

یەکەمین گەشتی گواستنەوەی هاوڵاتیان لە ئەفغانستان دوای کشانەوەی ئەمەریکا گەیشتە قەتەڕ


پەیامنێرانی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس ئاماژەیان بەوەدا نزیکەی 100 کەس بە هاوڵاتیە ئەمەریکیەکانیشەوە لە فڕۆکەخانەی کابوڵەوە گەیشتنە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ، ئەمەش یەکەمین گەشتی گواستنەوەی هاوڵاتیان بوو لە ئەفغانستان دوای کشانەوەی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا.

دەوحە کە خاڵی تێپەڕینی سەرەکی بوو بۆ پەنابەرانی ئەفغانی، وتی لەگەڵ تورکیادا کارییان کردووە بۆ ئەوەی بەخێرایی ئەرکەکانی فڕۆکەخانەی کابوڵ چالاک بکەنەوە تاوەکو بتوانرێت هاوڵاتیان بگوازرێنەوە.

وەزیری دەرەوەی قەتەڕ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەل ثانی هەوڵەکانی تاڵیبانی بۆ ڕێگەدان بە گواستنەوەی هاوڵاتیان بەرز نرخاند.

وتی " توانیمان یەکەمین گەشت بەڕێوەببەین، سوپاسی تاڵیبان دەکەین بۆ هاریکارییەکانیان."

وتیشی " لە ڕاستیدا ئێمە پێشبینی ئەمە لە تاڵیبان دەکەین، کە ببینین لێدوانەکانیان بە کردەوە بسەلمێنن. پێم وایە ئەمە پەیامێکی ئەرێنیە و ئێمە پشتیوانی لێدەکەین."

نوێنەری تایبەتی قەتەڕ لە ئەفغانستان موتڵەق ئەل قەحتانی وتی " ئەمە ڕۆژێکی مێژووییە " بۆ فڕۆکەخانەکە.

لەلای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دۆمێنیک ڕاب لە بەیاننامەیەکدا وتی " سوپاسگوزاری هاوڕی قەتەڕییەکانمانین بۆ بەڕێوەبردنی گەشتێک لە کابوڵەوە بۆ دەوحە کە 13 هاوڵاتی بەڕیتانی تێدا بووە."

هەروەها ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند هاوڵاتیانی ئەمەریکی و ئەوانی دیکەش بە پارێزراوی لە ئەفغانستانەوە گەیشتوونەتە قەتەڕ.

وتەبێژی ئەنجومەنەکە ئێمیلی هۆڕن لە بەیاننامەیەکدا وتی " تاڵیبان هاوکار بووە لە بەڕێوەبردنی گواستنەوەی هاوڵاتیە ئەمەریکیەکان و ئەوانی دیکەشدا. نەرمییان نواندووە و لە مامەڵەکردنەکانی نێوانماندا لەسەر ئەم هەوڵە پیشەگەر بوون. ئەمە هەنگاوی ئەرێنی یەکەمە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG