Accessibility links

پاڵاوگەیەکی نەوتی ڕووسی لەنزیک سنووری ئۆکرانیا گڕی تێبەردەبێت


دوای ئەوەی کۆمەڵێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بیندراون بەسەر شوێنەکەدا، پاڵاوگەی نۆڤۆشاختینسکی ڕووسی گڕی تێبەربوو کە تەنها 8 کیلۆمەتر لە سنووری ئۆکرانیاوە دوورە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەرەو پاڵاوگەکە دەڕوات و دواتر ئاگرێکی گەورە هەڵدەگیرسێت و دووکەڵێکی ڕەش ئاسمانی ناوچەکە دادەپۆشێت.

دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسی لە زاری سەرچاوەیەکی نەناسراوەوە بڵاویکردەوە یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان خۆی کێشاوە بە یەکەی گواستنەوەی گەرمی پاڵاوگەکەدا.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە گرتە ڤیدیۆییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتڕاست بکاتەوە. نەتوانراوە قسە لەگەڵ وتەبێژی پاڵاوگەکەدا بکرێت.

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسیا دەڵێت تیمەکانی فریاکەوتن دەڵێن کۆنتڕۆڵی ئاگرەکەیان کردووە.

تیمەکانی فریاکەوتن دەڵێن هیچ کەس بەهۆی ئاگرەکەوە لە پاڵاوگەکە بریندار نەبووە.

پاڵاوگەکە ساڵانە توانای پاڵاوتنی 7.5 ملیۆن تەن نەوتی هەیە، هەروەها یەکێکە لەو پاڵاوگە کەمانەی کە لە دەیەکانی پێشوودا دروست کراوە و لە ساڵی 2009 دا چالاک کراوە.

ڕووسیا لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکات کە بووە هۆی وەستاندنی هەندێک لە کارەکانی پاڵاوگەکە کە دەکەوێتە شاری بریانسکەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG