Accessibility links

ڕۆژی سێشەممە فینلەندا دەبێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ
سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ دەڵێت ڕۆژی سێشەممە فینلەندا دەبێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، ئەمەش لە پڕۆسەیەکی خێرادا بۆ بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانێتییە سەربازییەکەدا کە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا دەستیپێکرد.

فینلەندا سنوورێکی 1,300 کیلۆمەتری هەیە لەگەڵ ڕووسیادا، ئەوەش مانای ئەوەیە سنووری هاوپەیمانێتی ناتۆ لەگەڵ ڕووسیادا نزیکەی دوو هێندە دەبێت، مۆسکۆش دەڵێت لە وەڵامی ئەندامێتی فینلەندادا لە ناتۆ هێزەکانی لە هەرێمە سنووریییەکان نێوان ڕووسیا و فینلەندا زیاتر دەکات.

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ لە بڕۆکسل بە ڕۆژنامەنووسانی وت " سبەینێ پێشوازی لە فینلەندا دەکەین وەکو سی و یەکەمین ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆ و ئەوەش فینلەندا پارێزراوتر دەکات و هاوپەیمانێتییەکەمان بەهێزتر دەکات." ئەم هەنگاوەشی بە " مێژوویی " ناوبرد.

ستۆڵتنبێرگ وتی " بۆ یەکەمین جار لێرە لە بارەگاکەمان ئاڵای فینلەندا بەرز دەکەینەوە. ڕۆژێکی باش دەبێت بۆ ئاسایشی فینلەندا، بۆ ئاسایشی باکوور و ناتۆش بە گشتی."

ئۆفیسی سەرۆکایەتی فینلەندا وتی سەرۆکی وڵاتەکە ساولی نینیستۆ گەشت دەکات بۆ بڕۆکسل تاوەکو بەشداری لە مەراسیمەکەدا بکات.

داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا سوید و فینلەندای ناچار کرد داوای ئەندامێتی بکەن لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەمەش دەستبەرداری بێلایەنییە سەربازییەکەیان بوون کە بۆ ماوەی چەند دەیەیەک بەردەوام بوو.

هەفتەی ڕابردوو دوایین بەربەست لەبەردەم ئەندامێتی فینلەندادا لە ناتۆ لابرا کاتێک پەرلەمانی تورکیا داواکەی هێلسینکی پەسەند کرد، بەڵام داواکەی سویدی هێشتا بە ڕاگیراویی هێشتۆتەوە.

ستۆڵتنبێرگ وتی " سەرۆک پوتن چووە جەنگەوە دژی ئۆکرانیا بە ئامانجی ئەوەی ناتۆیەکی کەمتر هەبێت، بەڵام بە تەواوەتی پێچەوانەکەی دەست دەکەوێت."

تاوەکو ئێستا تەنها تورکیا و هەنگاریا داواکەی سویدییان بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا پەسەند نەکردووە، تورکیا دەڵێت سوید داڵدەی ئەو کەسانەی داوە کە ئەنکەرە بە " تیرۆریست " ناوییان دەبات، سویدیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە. هاوکات هەنگاریا بەهۆی توڕەییەوە لە ڕەخنەکانی سوید لە سیاسەتەکانی سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئوربان داواکەی سویدی ڕاگرتووە. بەڵام دیبلۆماتکارانی ناتۆ دەڵێن پێشبینی دەکەن ئەگەر تورکیا داواکەی سوید پەسەند بکات ئەوا هەنگاریاش پەسەندی دەکات.

ستۆڵتنبێرگ بەڵێنیدا ماندونەناسانە کاربکات بۆ ئەوەی بە زووترین کات سوید ببێتە ئەندام لە ناتۆدا. هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە کە بەرپرسانی ناتۆ و سوید کاردەکەن بۆ ئەوەی سوید نزیکتر بکەنەوە لە هاوپەیمانێتییەکە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی هێشتا چاوەڕێ دەکەن تورکیا داواکەی پەسەند بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG