Accessibility links

ڕاپـۆرتی دەزگای FBI: تەقینەوەکەی پاری بەندەری بەیرووت بڕێکی کەمی ماددە کیمیایـیەکە بووە و ئەوی دیکەی دیارنیـیە


ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت لەم هەفتەیەدا ڕاپـۆرتەکەی دەزگای لیکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا FBI ی دەستکەوتووە کە لە 7 ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو دەریکردووە لەبارەی تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیرووتی پایتەختی لوبنان لە 4 ی مانگی هەشتی ئەو ساڵە.

بەپـێی ڕۆیتەرز، لە ڕاپـۆرتەکەی FBI دا نووسراوە، لە ڕۆژی 4 ی مانگی هەشتی 2020 نزیکەی 552 تۆن لە ماددەی نیتراتی ئەلەمنیۆم تەقیوەتەوە، ئەمەش زۆر کەمترە لەو 2754 تۆنەی کە لەسەر کەشتیـیە ڕووسیایـیەکە بووە، ئەوەی لە کۆتایـیەکانی مانگی یازدەی ساڵی 2013 گەیشتبووە بەندەرەکە و وەک دەڵێن بەهۆی کێشەی تەکنیکی و ئیداری لەوێ دەستی بەسەرداگیرا و دواتر بارەکەی داگیرا و خرایە کۆگایەکی بەندەرەکەوە.

ڕاپـۆرتەکەی FBI هیچی لە بارەی ئەو جیاوازیـیە باس نەکردووە کە هەیە لە نێوان بڕی ئەوەی تەقیوەتەوە لەگەڵ ئەوەی بە کەشتیـیەکە گەیشتبوو.

ڕۆیتەرز دەڵێت پەیوەندی بە FBI ی کردووە هەتا ڕوونکردنەوە لەسەر ئەم جیاوازیـیە بدات، بەڵام وتەبێژەکەی FBI وتویەتی ئەو پـرسیارە لە دەسەڵاتدارانی لوبنان بکەن.

جێی ئاماژەیە دەزگای FBI لەسەر داوای لوبنان تیمی خۆی بۆ بەیرووت نارد هەتا لیکۆڵینەوە لە تەقینەوەکە بکەن.

کاربەدەستێکی باڵای لوبنان کە ئاگاداری ڕاپـۆرتەکەیە، دەڵێت دەسەڵاتدارانی لوبنانیش لەگەڵ FBI کۆکن لەسەر ئەو بڕەی مەزەندەدەکرێت تەقیبێتەوە.

بەڵام وتوشیەتی نازانن بۆچی ئەو بڕەی تەقیوەتەوە کەمە. هەندێک لە کاربەدەستان دەڵێن دزراوە و هەندێکیش دەڵێن بڕێکی کەمی تەقیوەتەوە و ئەوی دیکەی وەک خۆڵ بڵاوبووەتەوە و کەوتووەتە ئاوی دەریاوە.

ڕۆیتەرز دەڵێت زۆرێک لە کاربەدەستانی لوبنان پـێشتر بە جیا وتوویانە لەو بڕوایەدان بەشێکی زۆری بارەکە دزراوە.

ڕاپـۆرتەکەی FBI ئاماژە بەوە دەکات کۆگای ژمارە 12 ی بەندەرەکە کە تەقینەوەکەی تیادابووە، هێندە گەورەیە کە جێگای تەواوی 2754 تۆنەکەی تێدا دەبووەوە.

شایەنی باسە، بەپـێی وەزارەتی تەندروستی لوبنان زیاتر 204 کەس بەهۆی ئەو تەقینەوەیە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 6500 کەسی دیکەش برینداربوون و هێشتا 9 کەس بێ سەروشوێنن.

XS
SM
MD
LG