Accessibility links

ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپادا دەستکەوتییان دەبێت


پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپادا دەستکەوتییان هەبووە، ئەمەش نادیارییەکانی لەسەر ئاڕاستەی داهاتووی سیاسیی یەکێتی ئەوروپا زیاتر کرد.

بەپێی ڕاپرسییەکانی کۆتایی، پێشبینی دەکرێت پارتە مامناوەند و لیبڕاڵ و سۆشیالیستەکان زۆرینە لە 720 کورسییەکەی پەرلەماندا بە دەست بهێننەوە، بەڵام نزیکەی 28 کورسی لە دەست دەدەن.

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لەلایەن پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکەی مارین لوپینەوە لە هەڵبژاردنەکاندا لێیدرا.

ماکرۆن وتی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بێزارکەر بوون بەڵام ئەنجامێکن کە ناتوانێت پشتگوێیان بخات.

ئەگەر پارتی گردبوونەوەی نیشتیمانی لوپین زۆرینەی پەرلەمان بە دەستبهێنێت، ئەوا ماکرۆن دەسەڵاتێکی کەمی دەمێنێتەوە بەسەر کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەدا.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵزیش ڕووبەڕووی شەوێکی بە ئازار بووەوە.

پارتی سۆشیاڵ دیموکراتی شۆڵز خراپترین ئەنجامی هەبووە، لەسەر دەستی پارێزگاران و پارتی ئەڵتەرنەتیڤی ڕاستڕەوی توندڕەو ناڵاندی.

هاوکات ڕاپرسییەکانی کۆتایی دەریانخست کە سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی پێگەکەی پتەوتر بووە، پارتەکەی ( برایەتی ئیتاڵیا ) زۆرینەی دەنگەکانی بە دەستهێناوە.

سەرەڕای ئەنجامە باشەکانی پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە ئەوروپادا، ڕاپرسییەکی سەرەکی کۆتایی دەریخست کە پارتی گەلانی ئەوروپای ڕاستڕەوی مامناوەند هێشتا گەورەترین پارتی سیاسییە لە پەرلەمانە نوێیەکەی ئەوروپادا، تەنانەت پێنج کورسی دیکەی بە دەستهێناوە و کورسییەکانی بووەتە 189 کورسی.

ئەوەش هەواڵێکی خۆشە بۆ ئەندامی پارتی گەلانی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین کە هەوڵ دەدات دووبارە وەکو سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا هەڵبژێردرێتەوە.

ئۆرسولا ڤۆن دێر لین وتی " مامناوەندەکان هێشتا خۆیان گرتووە. بەڵام ئەوەش ڕاستە کە توندڕەوەکانی ڕاست و چەپیش هەندێک پشتیوانییان دەستکەوتووە، ئەمەش لەبەرئەوە ئەنجامەکان بەرپرسیارێتییەکی گەورەترییان لەگەڵدایە بۆ پارتە مامناوەندەکان."

شڕۆڤەکاران هۆکاری دەستکەوتەکانی پارتە نەتەوە پەرستەکانی سەرانسەری ئەوروپا دەگەڕێننەوە بۆ ناڕەزایی خەڵکەکە لەسەر زیادبوونی نرخەکان و نیگەرانییەکان لەسەر کۆچ و جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.

پارێزگاران ئێستا هەوڵی ئەوە دەدەن سەرکەوتنەکانییان وەرگێڕن بۆ کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا.

زۆربوونی ڕاستڕەوە تونڕەوەکان لە پەرلەمانی ئەوروپادا وادەکات پەسەندکردنی پڕۆژە یاسا نوێیەکان قورستر ببێت، ئەو پڕۆژە یاسایانەی کە ڕەنگە پێویست بن بۆ کێشەکانی ئاسایش و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا و کێبڕکێ پیشەسازییەکەی ئەوروپا لەگەڵ چین و ئەمەریکادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG