Accessibility links

فڕۆکەیەکی F-16 ی عێراق لە ئەمەریکا دەکەوێت و فڕۆکەوانەکەی گیان لەدەست دەدات


وەزیری بەرگری عێراق داوایکردووە لێکۆڵێنەوەیەکی هاوبەش بکرێت تاوەکو هۆکاری کەوتنی ئەو فڕۆکە F-16 یەی عێراق بزانرێت کە پاش نیوەڕۆی سێشەممە لە ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمەریکا کەوتە خوارێ لەو کاتەی فڕۆکەوانێـکی عێراقی ڕاهێنانی پـێدەکرد.

وەزارەتی بەرگری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیاندنێـکدا نووسیویەتی فڕۆکەیەکی جۆری F-16 ی وڵاتەکەی لە ئەمەریکا کەوتووە و لە ئاکامدا فڕۆکەوانە عێراقیـیەکەی گیانی لەدەستداوە. عیرفان ئەلحەیالی وەزیری بەرگری فەرمانی کردووە لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لەم بارەیەوە ئەنجام بدرێت.

هێزی ئاسمانی عێراق لای خۆیەوە ناوی فڕۆکەوانەکەی ئاشکراکرد و سەرەخۆشی خۆیان ڕاگەیاند بۆ گیان لەدەستدانی فڕۆکەوان نور فالح ئەلخەزعەلی کە لە میانەی خولێکی ڕاهێناندا لە ویلایەتی ئەریزۆنا فڕۆکەکەی کەوتووەتە خوارێ.

دوێنێ سێشەممە پـۆلیسی ناوچەی گرامی ئەریزۆنا ڕایگەیاند فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری F-16کە لە بنکەی ئاسمانی Arizona Air National Guard's 162nd Wing ڕاهێنانی پێدەکرا، لە کاژمێری 3 ی پاش نیوەڕۆ لە نزیک فۆرت تۆماس لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی کەوتووەتە خوارێ و فڕۆکەوانەکەی گیانی لەدەستداوە.

هاوڵاتیەک کە لە نزیک شوێنی ڕووداوەکە بووە بە کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی ئەمەریکای گوت فڕۆکەکە لە شوێنی کەوتنی چاڵێکی بە قوڵایی نزیکەی 6 مەتر دروستکردووە.

XS
SM
MD
LG