Accessibility links

ئاژەڵ و گەرمای هاوین و دەستی مرۆڤ مەترسی دەخەنە سە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئێزیدی لە شەنگال


نوسینی: ڕێکار حوسێن

دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ لە سنوری شەنگال کە بەڵگەی ڕەشەکوژی داعش دژ بە ئێزیدیەکان دەردەخەن مەترسی لەناوچونیان لەسەرە. ڕێکخراوە چالاکوانەکانی ئێزیدی دەڵێن چەندین مانگ دوای ڕزگارکردنی ناوچەکانی دەوروو بەری شەنگال لە دەستی داعش، گۆڕە بە کۆمەڵکان فەرامۆش کراون و کەتونەتە ژێر مەترسی ئاژەڵە دڕندەکان و گەرمی هاوین و دەستی مرۆڤ.

ئەم بابەتە بووە جێی سەرنجی کۆمەڵی چالاکوانانی ئێزیدی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگە ئاگرێك لە دەوروبەری گۆڕی بەکۆمەڵی تەل سەفکا کەوتەوە کە رووفاتی نزیکەی 70 قوربانی ئێزیدی تێدابوو وە بەشێکی زۆری پاشماوەی ڕووفاتەکان لەسەر خاکی گۆڕەکە کەڵەکە کرابوون. هەرچەندە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دەڵێن ئاگرەکە لەلایەن پێشمەرگەوە کۆنترۆڵ کراوە بەر لەوەی پاشماوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکە بسوتێنێت، بەڵام چالاکوانەکانی ئێزیدی دەڵێن ئاگرەکە زیانی بە پاشماوەی قوربانیان گەیاندووە و مەترسی لەسەر تێکچونی دەیان گۆڕی تری بەکۆمەڵی ئێزیدی لە سنوری شەنگال هەیە.

بەگوێرەی داتاکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە ناحکومیەکان، بالایەنی کەمەوە 25 گۆڕی بە کۆمەڵ لە سنوری شەنگال دۆزراونەتەوە دوای ئەوەی پێشمەرگە لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو ناوچەکەی لەژێر چنگی داعش دەرهێنا. ‌هەر دوای ڕزگارکردنی ناوچەکە، ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ داوای لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و عێراق کرد کە هەنگاوی پێویست بگرنەبەر بۆ پارێزگاری کردن لە گۆڕەکان. ڕێکخراوەکە لەهەمان کاتدا داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کرد یارمەتی دارایی و پسپۆڕی پێشکەش بە حکومەتی هەرێم بکەن بەمەبەستی کۆکردنەوە و پاراستنی ڕووفاتی قوربانیان.

لە بەیاننامەیەکی ڕێکخراوەکەدا کە سەرەتای ئەمساڵ بڵاوکرایەوە هاتووە، "بەدیهێنانی دادوەری بۆ قوربانیانی ئێزیدی کە بەدەستی داعش ڕەشەکوژکراون پەیوەستە بە پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی چیای شەنگاڵ. کاربەدەستانی کورد دەبێت پارێزگاری لەو بەڵگانە بکەن و ڕێگربن لەبەردەم زیاتر تێکچوونی گۆڕەبەکۆمەڵەکان بەهۆی ژینگەو ئاژەڵ."

بەڵام گرووپی چالاکوانە ئێزیدیەکان دەڵێن ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە تا ئێستا پارێزگاریان لێناکرێت چەندین مانگ دوای ڕزگارکردنیان لەچنگی داعش.

ئێسك و پاشماوەکان پەرش و بڵاوبونەتەوە

بەگوتەی گرووپەکان، ئێسك و کەلاکی قوربانیان بە دەوری گۆڕەکاندا پەرش و بڵاو بونەتەوە لە ئەنجامی ژینگە و ئاژەڵ و گەیشتنی دەستی خەڵك پێیان. لە هەندێ ناوچە، ئێسك و پاشماوەی قوربانیان بە دووری سەدان مەتر لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەلایەن ئاژەڵەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، بەگوێرەی ئەو چالاکوانانەی لێدوانیان بۆ دەنگی ئەمریکا دا.

"ئەمە زۆر بەئازارە بۆ خەڵکی ئێزیدی کە دەبینن شتێکی وا ڕوودەدات،" میرزا دینای، سەرۆکی ڕێکخراوی ئەڵمانی (پردی ئاسمانی بۆ عێراق) بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند.

دینایی بەدەنگی ئەمریکای گوت، "کاتێك داعش ئەم خەڵکە ئێزیدیەی ڕەشەکوژ کرد، پێی ڕەوا نەبوو بە شێوەیەکی گونجاویش قوربانیان بنێژێت بەڵکوو تەنیا کەمێك خۆڵی خستە سەر لاشەی دەیان کەس لە هەر گۆڕێکدا. بۆیە ئێستا زۆر بە ئاسانی ئەو گۆڕانە هەڵدەدرێنەوە."

دینایی کە خۆی ئەم مانگە سەردانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کردووە بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند 25 گۆڕ کە ڕووفاتی سەدان قوربانی ئێزیدی لەخۆدەگرێت ئێستا فەرامۆش کراون بێ هەبوونێ هیچ بەربەستێکی وەها بۆ پاراستنیان. بەگوێرەی وتەکانی ئەو، هێزە سەربازیەکان و ڕۆژنامەنوسان و تەنانەت ئاوارەکانیش کە ئێستا گەڕاونەتەوە ئەم ناوچانە ڕوڵی کاریگەریان هەبووە لە جوڵاندن و شێواندنی ڕووفاتەکان.

دینایی نمونەی چەند حاڵەتێکی بۆ دەنگی ئەمریکا هێنایەوە کە تیایدا بەرپرسان یا خەڵکی ئاسایی لە ناوچەکە ئێسک و پاشماوەکانیان لە گۆڕەکان دەرهێناوە بەهیوای ئەوەی ڕووفاتەکان بناسنەوە و بیاندەنەوە بە کەس و کاریان.

دینایی داوای لە حکومەتی هەرێم وڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کرد هەرچی زووە کاری پێویست ئەنجام بدەن پێشئەوەی چاککردنەوەی زیانەکان لەدەست دەربچن.

بەڵام "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت لە قەیرانێکی ئابووری قورس داین و پسپۆڕی شارەزاماان کەمە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان. وە ڕێکخراوە بێودەوڵەتیەکانیش بەبێ پارە ئامادە نین کار بکەن لە شوێنێکی وەها،" دینایی بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند.

قەیرانی ئابووری و ئاسایشی ناوچەکە

بەرپرسانی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنن کە هێزە سەربازیەکانیان پارێزگاری لەو گۆڕانە دەکەن، بەڵام تا ئێستا باری ئاسایشی ناوچەکە و قەیرانی دارایی ڕێگەیان نەداوە وەك پێویست کار بۆ بابەتەکە بکەن.

حوسەین قاسم حەسون، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ئەندامی لیژنەی باڵایی بەجینۆساید ناساندنی تاوانی دژ بە ئێزیدەی و کەمەنەتەوەییەکانی تر بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "هەندێك لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان پێنج بۆ شەش کیلۆمەتر لە داعش دوورن و تیرۆرستان بە ئاسانی ئەتوانن هیڕش بکەنە سەر هەر کەسێك نزیکببێتەوە لە گۆڕەکان."

"من خۆم سێ جار لە نزیك ئەو گۆڕانە ڕوبەڕووی هێرشی هاوەنەکانی داعش بوومەوە،" حەسون بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند.

حەسون ڕایگەیاند کە دوای ڕووداوی ئاگر کەوتنەوەکە لە گۆڕی بەکۆمەڵی تەل سەفکا دەسبەجێ سەردانی ناوچەکەی کرد و، وەك هەنگاوێکی سەرەتایی، بە شوفڵ و بلدۆزەر پوش و پەڵاشی چواردەوری گۆڕەکەی لابردووە بۆ ڕێگری کردن لە مەترسی گەیشتنی ئاگر بە پاشماوەی قوربانیەکان.

"سوتانی گۆڕەکە ئاگادار کردنەوەیەك بوو بۆ لیژنەکەمان و حکومەتی هەرێم کە کاری بەپەلە لەم بارەوە ئەنجامدەین،" حەسون ڕایگەیاند. "ئەم گۆڕە بەکۆمەڵانە ماوەیەکی زۆرە لە دەرەوە کەوتوون و بەداخەوە بەشێك لە پاشماوەکان بە هۆی باران و گەرمای هاوین و ئاژەڵ لەناوچوون."

"لە هەندێک شوێن تیمە پسپۆڕەکانی لیژنەکەمان ئێسك و پروسکی قوربانیەکانیان لە دووری 100 مەتر تا 200 مەتر لە گۆڕەکان دۆزیوەتەوە کە بەهۆی ئاژەڵی وەکو سەگ گواستراونەتەوە،" حەسون بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند.

هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەکان

حەسون ئاماژەی بەوە دا کە لیژنەکەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی تیمێکی پسپۆرێ کوردی ڕاهێنانی پێبکرێ لەسەر چۆنیەتی هەڵدانەوە و پاراستنی ڕووفاتەکان. بەڵام بە گووتەی ئەو، ئامادە کردنی تیمێکی پسپۆر بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتیەکان کاتی دەوێت و لەڕووی ئابووریشەوە پێویستی بە بودجەی تایبەتە.

"ئێمە لە لیژنەکەمان داوای میزانیەی تایبەتمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بەڵام تا ئێستا وەڵامێکمان وەرنەگرتووە،" حەسون ڕایگەیاند.

جگە لە هەنگاوە سەرەتاییەکە بە ڕاماڵینی پوشی چوراردەوری گۆڕی بەکۆمەڵی تەل سەفکا، حەسوون ڕایگەیان هەر هەنگاوێکی تر بۆ پارێزگاری لە پاشماوەکان دەکەوێتە دوای مانگی ڕەمەزان.

"ئێستا ڕەمەزانە و خەڵك زۆری بەڕۆژوون. شەنگاڵ ناوچەیەکی دوورە و خەڵك ناتوانن لەو مانگەدا لەژێر گەرمای هاوین کاربکەن. بڕیارمان داوە دوای ڕەمەزان ئەو ئێسك و پاشماوانەی لە سەر گۆڕە بەکۆمەڵەکان کەوتوون کۆبکەینەوە."

گۆڕێـکی بە کۆمەڵی ئێزیدیـیەکان
please wait

No media source currently available

0:00 0:01:44 0:00

XS
SM
MD
LG