یه‌کشه‌ممه دادگایی‌کردنی وه‌زیری پێشووی کاروباری ناوخۆی میسر و شه‌ش له یاریده‌ده‌ره‌کانی ده‌ستیپێکرد که تاوانبار کراون به هۆی فه‌رمانی ئه‌وانه‌وه سه‌دان خۆنیشانده‌ر کوژران له کاتی سه‌رهه‌ڵدانی دژ حکومه‌ت له ئه‌مساڵدا. هه‌رچه‌نده دادوه‌ر له ناکاو دانیشتنه‌که‌ی به کۆتایی هێنا پاش ڕه‌تدانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ک له داواکانی پارێزه‌رانی تاوانبارکراوانهوه.
وه‌زیری پێشوو حه‌بیب ئه‌لعه‌دلی ڕووبه‌ڕووی سزای مه‌رگ ده‌بێته‌وه ئه‌گه‌ر کوناحکار بناسرێت به‌وه‌ی که فه‌رمانی دابوو هێزه‌کانی ئاسایش له مانگه‌کانی یه‌ک و دوو ته‌قه له خۆپێشانده‌ران بکه‌ن. له مانگی دوودا، 850 که‌س کوژران له میانه‌ی خۆنیشاندانه‌کان که بوون به هۆی ده‌ست له کارکێشانه‌وه‌ی سه‌رۆک حوسنی موباره‌ک.
به پێی ئاژانسه‌کانی ده‌نگوباس، له دانیشتنه‌که‌ی یه‌کشه‌ممه، پارێزه‌رانی تاوانبارکراوه‌کان خۆیان گه‌یانده نزیک کورسی دادوه‌ر بۆ پێشکه‌شکردنی ژماره‌یه‌ک داواکاری. به پێی ڕۆیته‌رز، پارێزه‌ره‌کان له نێو ئه‌و شـتانه‌ی داوایان کردووه، لیستی په‌یوه‌ندیـیه ته‌له‌فونه‌کانی ئه‌و ده‌مه‌ی حکومه‌ت له‌گه‌ڵ هه‌ندێک به‌ڵگه‌نامه‌ی تر تاوه‌کو لێـیان بکۆڵنه‌وه و بۆیان ڕوون ببێته‌وه چ که‌سێک فه‌رمانی دابوو ته‌قه له خۆنیشانده‌ران بکرێت.
دادوه‌ر فه‌رمانی دا تا 5 ی مانگی داهاتوو دانیشتنی دادگا دوا بخرێت، گوتی هۆیه‌که‌شی 'هه‌رای' ناو ژووری دادگا بوو.
ئه‌لعه‌دلی پێشتر 12 ساڵ زیندانی بۆ بڕاوه‌ته‌وه چونکه به گه‌نده‌ڵی گوناحکار ناسرابوو.
له هه‌مان ده‌م، دادگایکردنی سه‌رۆکی پێشوو حوسنی موباره‌ک له ڕۆژی دووشه‌ممه ده‌ست پێده‌کرێته‌وه. پێشترێکی ئه‌م مانگه، ئه‌و له سه‌ر ته‌ختی نه‌خۆشخانه هێندرایه دادگای قاهیره تا ڕووبه‌ڕووی تاوانه‌کانی فه‌رمان دان بۆ ته‌قه‌کردن له خۆنیشانده‌ران بێت. موباره‌ک گوتی بێگوناهه.