Accessibility links

ڕووسیا: بەهۆی تەقینەوەوە 3 کەس لە شارێکی ڕووسی سەر سنووری ئۆکرانیا گیانیان لەدەستدا


ئاندرێ کلیشاس
ئاندرێ کلیشاس

فەرمانڕەوای هەرێمی بێلگۆرۆدی ڕووسیا ڤیاچیسلاڤ گلادکۆڤ دەڵێت بەهۆی تەقینەوەکانەوە لە شاری بێلگۆرۆدی نزیک لە سنووری ئۆکرانیاوە لانیکەم 3 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان ماڵیش زیانییان بەرکەوتووە.

گلادکۆڤ ئاماژەی بەوەدا کۆمەڵێک تەقینەوە لە شاری بێلگۆرۆد ڕوویانداوە کە نزیکەی 400,000 دانیشتووی هەیە و دەکەوێتە دووری 40 کیلۆمەترەوە لە سنووری باکووری ئۆکرانیا.

گلادکۆڤ وتی لانیکەم 11 بینای نیشتەجێبوون و 39 خانوو زیانییان بەرکەوتووە، پێنج خانوویان بەتەواوەتی لەناوچوون.

دانیشتوویەکی شارەکە بە ڕۆیتەرزی وت " دەنگی تەقینەوەکان ئەوەندە بەهێز بوون کە لە جێگاکەم هەستام و خەبەرم بۆوە، زۆر ترسام و دەستم کرد بە هاوارکردن." ئاماژەشی بەوەدا تەقینەوەکان لە دەوروبەری کاتژمێر 3 ی بەیانیدا ڕوویانداوە.

وتیشی " موشەکەکان بینایەکی نیشتەجێبوونیان کردە ئامانج کە 20 مەتر لە ماڵەکەمەوە دوورە. سەرجەم پەنجەرەکانی خانووەکەمان شکاون، دەرگاکان لە چوارچێوەکانیان هاتوونەتە دەرەوە."

یاسادانەرێکی باڵای ڕووسیا ئاندرێ کلیشاس ئۆکرانیای بە تۆمەتی بۆردومانکردنی بێلگۆرۆد تۆمەتبار کرد و داوای وەڵامێکی توندی کرد.

کلیشاس لە تێلیگرام نوسیویەتی " مەرگی هاوڵاتیانی مەدەنی و کاولکردنی موڵکی هاوڵاتیانی مەدەنی لە بێلگۆرۆد دوژمنکارییەکی ڕاستەوخۆی ئۆکرانیایە و پێویستی بە توندترین وەڵامدانەوەی سەربازییە."

مۆسکۆ ئۆکرانیای بە تۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵێک هێرشی ئاسمانی دژی بێلگۆرۆد و شارەکانی دیکەی سەر سنووری ئۆکرانیا تۆمەتبار کردووە. ئۆکرانیا بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەی ڕانەگەیاندووە بەڵام دەڵێت ئەو ڕووداوانە باجی کارەکانی ڕووسیان.

ئۆکرانیا لێدوانی لەسەر تەقینەوەکان نەداوە و ڕۆیتەرزیش نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ لێدوانەکانی ڕووسیا پشتڕاست بکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG