Accessibility links

6 کەس بە تەقینەوە خۆکوژیـیەکەی نزیک باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تونس برینداربوون


تەقینەوەیەکی خۆکوژی ئەمڕۆ هەینی لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تونسی پایتەخت ڕووی دا و بەپـێی سەرچاوە هەواڵیـیەکان 6 کەس برینداربوون.

میدیاکانی تونس دەڵێن 2 کەسی خۆکوژ بوون لەسەر ماتۆرسکیلێک ، لە کاتژمێر 11 ی بەیانی تەقینەوەکەیان ئەنجامداوە لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کە دەکەوێتە ناوچەی بوحەیرە.

لە ئاکامدا 5 ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی تونس و ژنێک کە لە نێو ئۆتۆمبیلەکەیدا بووە لە نزیک شوێنی ڕووداوەکە، برینداربوون. دەڵێن تەنیا یەک ئەندامی هێزەکانی ئاسایش برینەکانی قورسن.

وەزارەتی ناوخۆی تونس لە ڕاگەیاندنێکدا ئەم زانیاریـیانەی پشتڕاستکردەوە.

پەیامنێری کەناڵی ئەلحوڕە دەڵێت لە کاتی هێرشەکەدا باڵیۆزی ئەمەریکا لە بینای باڵیۆزخانەکەدا نەبووە.

هێزەکانی پـۆلیس ئۆتۆمبیلێکی گومان لێکراویان لە نزیک دەروازەی پـشتەوەی باڵیۆزخانەکە بینیوە و داوایان لە هاوڵاتیان کردووە نزیکی ناوچەکە نەبنەوە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی"ئەندامانی بەهاناچوون گەیشتوون و بە کاری خۆیان هەڵدەستن سەبارەت بەو تەقینەوەیەی پـێش تۆزێک لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تونس ڕووی دا. تکایە خۆتان بە دوربگرن لە ناوچەکە و چاودێری دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکەن بۆ زانینی زیاتر."

جێی ئاماژەیە گروپە توندڕەوەکانی سەر بە داعش و قاعیدە لە تونس بوونیان هەیە و لەوەتای ساڵی 2011 وە کە شۆڕش لەو وڵاتەدا بووە، چەندین هێرشی تێرۆرستیان ئەنجامداوە و لە ئاکامدا بە دەیان کەس کوژراون، لە نێویاندا گەشتیارانی بیانی.

XS
SM
MD
LG