پۆلیسی دانیمارک نزیکەی یەک تەن تەقەمەنی و ماددەی کیمیایی لە شوێنی تەقینەوەیەکی گەورەی لە ڕۆژئاوای کۆپنهاگن دۆزییەوە، پۆلیس دەڵێت تەقینەوەکە ڕووداو بووە و بووەتە هۆی کوژرانی پیاوێکی تەمەن 52 ساڵ.
پۆلیس وتی نزیکەی 100 کەس کە نیو کیلۆمەتر دوور لەو شوێنەوە دەژین کە دەکەوێتە نزیک شارۆچکەی کۆرسۆرەوە گواستراونەتەوە و لە هەمان کاتیشدا بەرپرسان " بڕێکی زۆرییان لە ماددەی تەقینەوە و کیمیایی لابردووە."
ئەفسەری پۆلیس تۆم ترود بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی دانیمارکی وت " باس لە چەند کیلۆیەکی کەم ناکەین، باس لە نزیکەی یەک تەن دەکەین."
ترود وتی " نازانین بە دیاریکراویی چەندەیە، دەیکێشین و دواتر پشکنینی بۆ دەکەین بزانین لە ڕاستیدا چییە."
بەهۆی تەقینەوەیەکی بەهێزەوە کە پۆلیس دەڵێت ڕووداو بووە، بەرپرسان چوونەتە ئەو شوێنە و ئەو تەقەمەنی و ماددە کیمیاییانەشییان دۆزیوەتەوە.
پۆلیس باسی لە هۆکاری تەقینەوەکە نەکردووە.
بەرپرسێکی پۆلیس بە ڕۆژنامەنووسە دانیمارکییەکانی وت پیاوەکە ڕەنگە یاری ئاگرینی مۆڵەت پێنەدراویی دروست کردبێت.
بڕیارە ئەو هاووڵاتییانەی کە گواستراونەتەوە ڕۆژی سێشەممە بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان.
سەرچاوە/ فرانس پرێس