پۆلیسی عێراق و تیمەکانی فریاکەوتنی خێرا وتیان بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە شاری سەدر لە بەغداد لانی کەم 11 کەس برینداربوون.
لە بەیاننامەیەکی سەربازیدا هاتووە دەڵێت تەقینەوەیەک لە شاری سەدر ڕوویداوە، بەڵام بەیاننامەکە ئاماژەی بە هیچ وردەکارییەکی دیکە نەداوە.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە. ئەمەش لەم ساڵدا دووەمین تەقینەوەیە لە شاری سەدر ڕووبدات و سێیەمین تەقینەوەشە بازاڕێکی قەرەباڵغ بکاتە ئامانج.
لە مانگی چواردا بەهۆی تەقینەوەی ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە لە شاری سەدر چوار کەس کوژران و 20 کەسی دیکە برینداربوون. لە مانگی یەکیشدا لە کردەوەیەکی خۆکوژیدا لە بازاڕێکی قەرەباڵغ لانی کەم 32 کەس کوژران.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز