Accessibility links

ئەو کچە ئێزیدیەی لەڕێێ ڕزگاربوون لە داعش ڕوخساری لەدەست دا، چاوەڕێی هاوکارییە


نوسینی: ڕێکار حسێن
ئامادەکردنی ڕاپـۆرتی ڤیدیۆیی: کاوە عومەر

کاتێک لەمیا حاجی بەشار توانی خۆی لە ماڵی چەکدارێکی داعش دەرباز بکات، پێی وابوو کەوا بۆ هەمیشە لە کۆیلەیی و تیرۆری رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ڕزگاری بوو. بەڵام لەمیای هەژدە ساڵان لەڕێگای دەربازبوون لە سنورەکانی داعشەوە بۆ هەرێمی کوردستان مینێکی چێندراوی پێدا تەقیەوە کە بووە هۆی لەدەستدانی بینایی چاوەکانی و شێوانی ڕوخساری.

بەوتەی پزیشکی لەمیا، حوسەین بەحراری، "چاوی ڕاستی تازە لەدەست چووە بەڵام چاوی چەپی بەرەوە باش بوونە."

سەرەڕای لەدەست دانی بینایی، لەمیای هەژدە ساڵ مەترسی ئەوەی لێدەکرێت کە بۆ هەمیشە دەمووچاوی بشێوێت بەهۆی ئەو برینە قوڵانەی لەسەر ڕوخساری دروست بووە.

"دەمووچاوی ئەو زۆر بە خراپی شێواوە و پێویستی بە نەشتەرگەری جوانکاری بەپەلەهەیە. کچێك لە تەمەنی ئەو ناکرێ بەو شێوە جێبهێڵدرێت،" ئەمە وتەی پزیشکەکەی لەمیایە کە پێشتر هۆشداری دابوو لەوەی پێویستە نەشتەرگەری جوانکاری کچەکە لە دەرەوەی عێراق لەماوەی کەمتر لە سێ ڕۆژ ئەنجام بدرێت پێشئەوەی بەتەواوی هیواکان بۆ گەرانەوەی ڕوخساری لەناوبچن.

بەڵام لەمیا تا ئێستا لە ماڵەوە چەند چارەسەریێکی بنەڕەتی وەردەگرێت دوای تێپەڕینی زیاتر لە سێ هەفتە لە زامداربوونی ڕوون نیە کە ئاخۆ دەنێردرێتەدەرەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری تایبەت و نەشتەرگەری جوانکاری.

"من لام وابوو ئەو ئێستا لە ئەڵمانیایە و چارەسەریشی وەرگرتووە. پێشتر هۆشداریم دا کە پێویست بوو نەشتەرگەری جوانکاری ئەو لە سێ ڕۆژ زیاتر دوانەخرێ ئەگینا زۆر زەحمەت ئەبێت جوانی دەموچاوی بگەڕێندرێتەوە،" پزیشکی تایبەتی لەمیا بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند.

پێشتر لە ڕاگەیاندنەکوردیەکان بڵاوکرایەوە کە گوایە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم ئەرکی ناردنەدەرەوەی لەمیا و ئەنجام دانی نەشتەرگەری بۆی لە ئەستۆ ئەگرن. بەڵام مامی لەمیا، ئیدریس کۆجۆ، ئەم هەواڵانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند تا ئێستا هیچ هاوکاریەك نەکراون و ئەوەی هەیە تەنیا پڕوپاگەندەیە لە ڕاگەیاندنەکان.

ئیدریس کۆجۆ، کە خۆی یەکێکە لە قوربانیەکانی دەستی داعش، بەدەنگی ئەمریکای گوت کە بارودۆخی خێزانەکەی زۆر نالەبارە و ڕێگەی ئەوەی پێنادات ئەرکی ناردنەدەرەوەی برازاکەی بگرێتە ئەستۆ.

کۆجۆ بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "پێشتر دەیان وڵات و ڕێکخراوی مرۆیی بەڵێنی هاوکاریان پێدام بۆ ناردنەدەرەوەی لەمیا بەڵام هیچ هەنگاوێکی کرداریمان نەدیت. حکومەتی عێراق و کوردستانیش تەواو پشتیان تێکردوین."

لە ئێستادا ڕێکخراوێکی مرۆیی ئەڵمانی بەناوی پردی ئاسمانی عێراق لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی لەمیا بگوازێتەوە بۆ ئەڵمانیا. بەڵام ڕێکخراوەکە تا ئێستا چاوەڕوانی وەرگرتنی ڤیزایە و دڵنیا نیە کە بتوانێ تەواوی پێویستیەکانی نەشتەرگەری جوانکاری ئەو لە ئەستۆ بگرێت.

"لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ گواستنەوەی لەمیا بۆ ئەڵمانیا بەڵام پرۆسەکە زۆر خاو بەڕێوە دەچێت و ئێمە رێکخراوێکی ناحوکمین دڵنیا نیم بتوانین تەواوی ئەرکی نەشتەرگەری ئەو لە ئەستۆ بگرین،" میرزا دینەیی، سەرۆکی ڕێکخراوەکە بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند.

بەوتەی میرزا دینەیی، لەمیا لەڕووی دەرونیەوە تا ئێستا لەژێر کاریگەری ڕوداوەکان دایە و پێویستی بەوە هەیە لەژێر چاودێری دەروونیدابێت لەدەرەوەی عێراق. "بەڵام لەمیا لە هەموو ئەم چارەسەریانە بێبەشەو دڵنیا نین چارەنوسی بەکوێ دەگات."

بەگوێرەی میرزا دینەیی، ڕێکخراوەکەی ئەو لە ئێستادا بیر لە کۆکردنەوەی کۆمەك دەکاتەوە بۆ نەشتەرگەریەکانی لەمیا لە ئەڵمانیا.

چیرۆکی لەمیای ١٨ ساڵان تەنیا بەشێکە لە نەهامەتی سەدان کچی ئێزیدی کە لەژێر دەستەڵاتی داعش بەکۆیلە کران و ڕوبەڕوی چەندین ئازاری جەستەیی و دەروونی کرانەوە. ئەوان تەنانەت دوای ڕزگاربونیان لە دەستی داعش، کۆتایی بە نەهامەتیەکانیان نایەت.

لەمیا و ١٢ ئەندامی خێزانەکەی کەوتنە ژێر دەستی داعش کاتێك لە مانگی ٨ی ٢٠١٤ ئەو ڕێکخراوە هێرشی کردە سەر گوندی کۆجۆ و دانیشتوانەکەی ڕاپێچی قوڵای خەلافەتەکەی داعش کران.

"داعش مانگێك لە بەندینخانە لەگەڵ خێزانەکەم منیان هێشتەوە. باشان من و خوشکەکەمیان لەگەڵ سەدان کچی تر جیاکردەوە و بەرەو ڕەققە گوازراینەوە،" لەمیا بەدەنگی ئەمریکای گوت.

بەگوتەی لەمیا، بەماوەیەکی کەم دوای ئەوەی خرایە بەندینخانەیەکی ڕەققە لە سوریا، چەکدارانی داعش دەستیان کرد بە کڕین و فرۆشتنی خۆیی و کچانی تری یەزیدی. لەو ماوەیەی کە لەژیر داستی داعش دابوو، لەمیا پینج جار فرۆشترا وەکو کۆیلە لەلایەن چەکدارە جیهادیەکان.

وەك خۆی دەیگێڕێتەوە، چەکدارانی داعش بەردەوام ئازاری دەروونی و جەستەیی لەمیا یان ئەدا. بەڵام ئەوەی زۆرترین کاریگەری بەسەر دەروونی ئەو هەبوو بریتی بوو لە سەرکردەیەکی داعش، ناسراو بە عیماد عەرەبی، کە لەمیای ناچارکرد پێشتێنەی بۆمبڕێژکراو بۆ چەکدارە جیهادیەکان دروست بکات.

لەمیا بەم شێوەیە باسی عیماد عەرەبی کرد، "ئەو ئەمرەی داعش پشتێنەی بۆمبڕێژکراوی دروست دەکرد و ماشێنی بۆمبڕێژکراوی ئامادە دەکرد. چەکدارانی داعش هەمیشە دەهاتن بۆ بردنیان. ئەو داوای لێکردم کە هاوسەرگیری لەگەڵ بکەم و یارمەتی بدەم لە دروستکردنی پشتێنە بۆبڕێژکراوەکان. من پێم وت، 'نەخێر هاوسەرگیریت لەگەڵ ناکەم و یارمەتیت نادەم لەم کارە.' بەڵام ئەو بە سۆندە و داری ماسیحە لێیدەدام. هیچ شتێک نەما کە ئەو بەکاری نەهێنێ بۆ لێدانم. پێی گوتم بە دڵی خۆت نییە و دەبێ هەم هاوسەرگیریم لەگەڵ بکەیت و هەم یارمەتیم بدەیت. بۆیە من پشتێنەی بۆمبڕێژکراو و سەیارەم ئامادە دەکرد."

عیماد عەرەبی دواتر لەمیای فرۆشت بە چەکردارێکی داعش لە شارۆچکەی حەویجە. لەو شارۆچکەیە لەمیا دوو کچی تری ئێزیدی ناسی: کاترین، تەمەن بیست ساڵ، و ئەڵماس، تەمەن هەشت ساڵ. هەرسێ کچەکە توانیان بەبێ ئاگاداری چەکدارانی داعش پەیوەدنی بە کەسوکارەکانیانەوە بکەن و پلانی ڕزگاربوون لەژێر چنگی خەلافەت دابڕێژن.

سێ کچەکان، بە هاوکاری کەسێك کە کاری ڕزگار کردنی کچانی ئێزیدییە، بە نهێنی بە ماشێنێك گوێزرانەوە بۆ دەرەوەی شاری حەویجە. خێزانێکی عەرەبیش هاوەڵی سێ کچەکەی دەکرد.

لەدەرەوەی شاری حەویچە، ئیتر بەکار هێنانی ماشێن مەحاڵ بوو بۆیە ئەوان ناچاربوون نزیکی ١٠ کاژێر بە پێ ڕێ بکەن بەرەو سنورەکانی پێشمەرگە.

بە وتەی لەمیا، ئەو کەسەی کە ڕێنوێنی کچەکان و خێزانە عەرەبەکەی دەکرد هۆشداری دا کە ئەو ناوچەیەی ئەوان پیایدا تێپەڕدەبوون تەواو مینڕێژکرابوو لەلایەن داعشەوە. لەگەڵ هەموو ئەو هۆشداریانە، ڕزگاربوون لە دەشتێکی پڕ لەمینی مەترسیدار مەحاڵ بوو.

"کاترین پێی خستە سەر مینێك و دوای ئەوە تەنیا ڕوناکیەکم بینی بەرەوە چاوەکانم هات،" لەمیا ساتەکانی تەقینەوەی مینێکی بە ڕووی خۆی و گروپەکە گێڕایەوە.

"پاش تەقینەوەکە چاوەکانم هیچیان نەدەدیت و بانگی کاترین و ئەڵماسم کرد بەڵام تەنها وەڵامێك کە بیستم بریتیبوو لە هاواری 'ئای' ی کاترین."

لەمیا کە توانای بینینی لەدەست دابوو دوای ڕوداوەکە نازانێت کێ و چۆن گەیەندرایە دەست هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام مامی ئەو، ئیدریس کۆجۆ، بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند کە خێزانە عەرەبەکە و ئەو کەسەی ڕێنوێنی ئەوانی دەکرد بەر تەقینەوەکە نەکەوتبوون و لەمیایان ڕزگارکرد. بەڵام کاترین و ئەڵماس گیانیان سپاردبوو و هەر لەو شوێنە جێهێڵدران.

دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵ، لەمیا هەواڵی ئەوەی بیست کە دایك و باوك و تەواوی خێزانەکەی، جگە لە برایەکی تەمەن ١٢ ساڵان، تا ئێستا لەژێر چنگی داعش بێسەرو شوێنن.

لە ئێستا دا، لەمیا لە ماڵی ئیدریس کۆجۆی مامی چارەسەری سەرەتایی وەردەگرێت و چاوەڕێی ئەوەیە بنێردرێتە دەرەوە بۆ نەشتەرگری.

میرزا دینەیی، سەرۆکی ڕێکخراوە ئەڵمانیەکە کە هەوڵی ناردنە دەرەوەی لەمیا ئەدات، بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند کە بڕیاربوو لەمیا بە یەکجاری بۆ ئەڵمانیا بگوازرێتەوە بەڵام ئەم کارە لە ئێستادا مەحاڵە چونکە وەرگرتنی مۆڵەتی مانەوە لە ئەڵمانیا شەش مانگی دەوێت.

میرزا دینەیی گلەیی لە حکومەتی عێڕاق و هەرێمی کوردستا کرد کە هیچ هاوکاریەکی لەمیایان نەکردووە.

"لەم وڵاتەدا هەموو لایەك سەرقاڵن بە سیاسەت و قوربانیان لە بیرکراون. حکومەتی عێڕاق هاوکاری هیچ قوربانیەك ناکات و حکومەتی هەرێم دەڵێت قەیرانی ئابووریمان هەیە،" دینەیی بەدەنگی ئەمریکای گوت.

بەڵام سەرۆکی شارەوانی شەنگال، مەحەما خەلیل، بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند کە حکومەتی هەرێم ئەوەی لە توانایدا هەبوبێت بۆ قوربانیانی دەستی داعش کردویەتی.

"سەرەڕای قەیرانی دارایی، حکومەتی هەرێم ڕاستەوخۆ کاری کردوە بۆ ڕزگار کردنی هاوڵاتیانی ئێزیدی لەژێر دەست داعش. دوای ڕزگار کردنیشیان ئێمە بەردەوام داوامان لە نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان و وڵاتان کردووە کە هاوکاری قوربانیان بکەن،" مەحەما خەلیل بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند.

سەرەڕای هەموو نەهامەتیەکان و داهاتویەکی ناڕوون، لەمیا بە گەشبینیەوە دەڕوانێتە ژیانی خۆی. "بە کوێری لێرە بژیم باشترە لەوەی لەێر دەستی داعش ببینم،" لەمیا بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند.

میرزا دینەیی، سەرۆکی ڕێکخراوە ئەڵمانیەکە، بەدەنگی ئەمریکای گوت کە بۆ یەکەم جار خەندەی لەسەر لێوەکانی لەمیا بینی کاتێك پێی ڕاگەیاند کە ڕێکخراوەکەی بۆ ئەنجام دانی نەشتەرگەری ئەو ئەگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی عێراق.

چیرۆکی کچێکی ئێزیدی و هاوڕێکانی
please wait

No media source currently available

0:00 0:03:21 0:00

XS
SM
MD
LG