Accessibility links

گواستنەوەی سەربازانی ئۆکرانیا لە وێستگەی ئازۆڤستاڵی ماریوپۆڵ دەستیپێکرد


گەیشتنی سەربازە بریندارەکانی ئۆکرانیا بۆ نۆڤۆزۆڤسک
گەیشتنی سەربازە بریندارەکانی ئۆکرانیا بۆ نۆڤۆزۆڤسک

گواستنەوەی ئەو سەربازە ئۆکرانییانەی کە لە وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵی شاری ماریوپۆڵ خۆیان حەشاردابوو دەستیپێکرد، ئەمەش چەند مانگێک دوای بۆردومانەکانی ڕووسیا بۆ سەر شارەکە.

جێگری وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئانا مالیار وتی 53 سەربازی برینداری ئۆکرانی لە وێستگەکەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە شارۆچکەی نۆڤۆزۆڤسک کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیادایە.

مالیار وتیشی 211 کەسی دیکە گواستراونەتەوە بۆ شارۆچکەی ئۆلێنیڤکا کە لەژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکانی سەر بە ڕووسیادایە. وتیشی سەرجەم ئەو سەربازانەی گواستراونەتەوە ئەگەری هەیە لەگەڵ سەربازە ڕووسییە گیراوەکاندا بیانگۆڕینەوە.

دەزگای هەواڵی ڕۆیتەرز دەڵێت درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە پێنج پاسی بینیوە سەربازانی ئازۆڤستاڵیان پێبووە و گەیشتوونەتە نۆڤۆزۆڤسک. باوەڕوایە نزیکەی 600 سەرباز لەناو وێستگەکەدا بووبێتن.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی " هیوادارین بتوانین ژیانی کوڕەکانمان بپارێزین. هەندێکیان زۆر بە سەختی برینداربوون. چارەسەر وەردەگرن. ئۆکرانیا پێویستی بەوەیە پاڵەوانەکانی بە زیندوویی بمێننەوە."

سوپای ئۆکرانیا وتی " فەرمانی بە فەرماندە سەربازییەکانی ئەو یەکانە کردووە کە لە وێستگەکەدا بوون ژیانی سەربازەکانیان ڕزگار بکەن " و پێیان وتراوە ئەو ئەرکە سەربازییەی پێتان سپێردرا بوو جێبەجێتان کردووە.

سوپای ئۆکرانیا وتیشی هێشتا هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی سەربازەکان لە وێستگەکەدا بەردەوامە.

هێزەکانی ئۆکرانیا دەڵێن بۆ ماوەی 82 ڕۆژ خۆیان لە وێستگەکەدا گرتووە و کاتیان داوە بە هێزەکانی دیکەی سەرانسەری ئۆکرانیا تاوەکو ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕووسیا ببنەوە و ئەو چەکانە وەربگرن کە ڕۆژئاوا ڕەوانەی ئۆکرانیای کردوون.

ڕەنگە گواستنەوەی سەربازە بریندارەکانی ئۆکرانیا لە وێستگەی ئازۆڤستاڵ کۆتایی شەڕە خوێناوییەکەی ماریوپۆڵ بێت کە ئۆکرانیا تیایدا شکستی هێنا. ئێستا ماریوپۆڵ خاپوور کراوە و ئۆکرانیا دەڵێت دەیان هەزاران کەس لە شارەکەدا کوژراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG