Accessibility links

دەزگای پـۆلیسی ئەوروپا: ڕەنگە داعش تەقینەوەی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لە ئەوروپاش ئەنجام بدات


ڕۆب واینڕایت، سەرۆکی پـۆلیسی یورۆپۆڵ
ڕۆب واینڕایت، سەرۆکی پـۆلیسی یورۆپۆڵ

دەزگای پـۆلیسی ئەوروپا (Europol) ئاگاهی داوە و دەڵێت ڕەنگە داعش هێرشی دیکە لە ئەوروپا ئەنجام بدات کە لە ئێستادا دەیان توندڕەو لە ئەوروپادا هەن و شیانی هەیە ژمارەی زیاتریشیان بگەن لەگەڵ تێکشکانی زیاتری داعش لە عێراق و سوریا.

دەزگاکە کە سەر بە یەکێتی ئەوروپایە، ئەمڕۆ هەینی لە ڕاپـۆرتێـکدا نووسیویەتی ڕەنگە هێرشەکان بە هاوشێوەی ئەوانەی چەند ساڵی ڕابردوو بن، وەکو تەقەکردن لە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی و تەقینەوەی خۆکوژی وەک ئەوانەی لە پاریس و برۆکسل کران و هەتا چەقۆ وەشاندنەکان و هێرشی توندڕەوانی کە تەنها خۆیان نەخشەداڕێژەریشی بوون.

پاشان ڕاپـۆرتەکە نووسیویەتی شیانی هەیە تەقینەوەی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و ڕفاندنی خەڵکی وەک ئەوەی لە سوریا باوە، ببێتە شێوازێـکی نوێی هێرشکردن لە ئەوروپاش، بەڵام باسی لەوەش کرد ئەگەری هێرش بۆ سەر وێزگەکانی کارەبا و دەزگا ناوکیـیەکان ئامانجی سەرەکی نابن.

هەروەها ئاگاهی دا کە تێـکڕای 28 وڵاتەکەی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا لە بەردەمی مەترسیـیەکاندان، بەهۆی پـیشتیوانی حکومەتی وڵاتەکانیان لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە دژی داعش. هۆشداریشی دا کە ڕەنگە داعش کەسانی خۆی بخاتە نێو پەنابەرە سوریـیەکانی لە ئەوروپادان تاوەکو ڕق و کینە لە دژی پەنابەران پەیداببێت.

ڕاپـۆرتەکە لە بەشێـکیدا دەشڵێت" ئەگەر هاتوو داعش بە دەستی هاوپەیمانان دووچاری شکست بوو یان زۆر لاوازبوو لە سوریا یان لە عێراق، ئەوا ژمارەی چەکدارە بیانیـیەکانی داعش و خێزانەکانیان لە ناوچەکەوە بەرەو ئەوروپا دەگەڕێنەوە یان بەرەو ناوچەی دیکەی شەڕ دەچن.

ئاماژەشی بۆ لیبیاش کرد کە شیانی هەیە داعش لەوێوە پـلانی تێرۆرستی لە دژی ئەوروپا دابڕێژێت و توندڕەوان ڕەوانەی ئەوروپا بکات.

سەرۆکی پـۆلیسی یورۆپـۆڵ (ڕۆب واینڕایت) گوتی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هاوکاریـیە ئاسایشیـیەکانیان زیاترکردووە لە پاش هێرشەکانی داعش، ئەوانەی چەند وڵاتێـکی ئەوروپای لەو دوو ساڵەی ڕابردوو گرتەوە، ئەم هاوکاریـیانەش یارمەتیـیان داوە لە پـوچەڵکردنەوە چەندان پـلانی تێرۆرستی. گوتیشی ئەم ڕاپـۆرتەی ئەمڕۆ نیشانی دەدات کە هێشتا مەترسیـیەکان گەورەن و تەنها بە هاوکاریکردن دەکرێت ڕووبەڕووی ئەو مەترسیـیانە ببینەوە.

XS
SM
MD
LG