سه‌ره‌ک وه‌زیری یۆنان ده‌ڵێت حکومه‌ته‌که‌ی گه‌یشتۆته ڕێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ئه‌وروپادا و هه‌روه‌هاش له‌گه‌ڵ سندوقی دراوی نێونه‌ته‌وه‌ییدا له‌سه‌ر ڕزگارکردنی یۆنان له قه‌یرانی دارایی، وه ڕێکه‌وتنه‌که‌ش به بڕی چه‌ندان ملیار دۆلاره.
جۆرج پاپاندریۆ، سه‌ره‌ک وه‌زیری یۆنان ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه گوتویه‌تی ئه‌و ڕێکه‌وتنه بۆ یۆنان پێویسته تا خۆی له ڕاگه‌یاندنی مایه پووچی دووربخاته‌وه و گوتوشیه‌تی ده‌بێت یۆنان ئاماده‌یی و خواستی قوربانیدانیشی هه‌بێت.
ده‌گوترێت ورده‌کاری ئه‌م ڕێکه‌وتنه که بڕی 160 ملیار دۆلاری له‌خۆ گرتووه له دره‌نگانێکی ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌دا ڕاده‌گه‌یه‌نرێت.
خۆسێ مانوێل بارۆسۆ، سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی ئه‌وروپا پشتیوانی له‌و کۆمه‌که فریاگوزاریه‌ی بۆ یۆنان کردووه و ده‌شڵێت ئه‌م کۆمه‌که فریاگوزارییه یه‌کلایی‌که‌ره‌وه‌یه تا ئابوری یۆنان بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ڕێڕه‌وه خۆی و هه‌روه‌هاش وه‌ک ده‌ڵێت کاریگه‌ری ده‌بێت تا ئه‌و قه‌یرانه دارایـیه نه‌گاته وڵاتانی تری یه‌کێتی ئه‌وروپا.
هاوکات هه‌زاران خۆپیشانده‌ر له ڕۆژی شه‌ممه‌دا له ئه‌ثینا گردبووبوونه‌وه وه‌ک دژایه‌تی کردنی پلانه‌کانی حکومه‌تی یۆنان بۆ بڕینێکی زۆری بودجه‌ی وڵاته‌که.
خۆپیشانده‌ران له‌گه‌ڵ پۆلیسدا به‌یه‌کیاندادا و بۆمبی ئاگرینیان گرتۆته پۆلیس له‌و خۆپیشاندانه‌ی له ڕۆژی یه‌کی پێنج‌دا کردیان.
سه‌ندیکای که‌رتی گشتی یۆنان ڕێبه‌رایه‌تی ئۆپۆزسیۆنیان کردووه له به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕێوشوێنه توندانه‌ی حکومه‌ت به‌نیازه بیگرێته‌به‌ر وه‌ک به‌شێک له ده‌ربازبوونی نێونه‌ته‌وه‌یی له قه‌یرانی دارایی.