Accessibility links

خەڵاتی مافەکانی ڤاکلاڤ هەیڤڵ بەخشرایە عوسمان کاڤالای زیندانیکراو لە تورکیا

کەسایەتی خێرخوازی تورکیایی، عوسمان کاڤالا
کەسایەتی خێرخوازی تورکیایی، عوسمان کاڤالا

ئەنجومەنی ئەوروپا خەڵاتی باڵای مافەکانی ڤاکلاڤ هەیڤڵی بەخشییە کەسایەتی خێرخوازی زیندانیکراوی تورکیایی عوسمان کاڤالا، کە چەندین جار لەلایەن سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە هێرشی کراوەتەسەر.

کاڤالای تەمەن 66 ساڵ ڕووبەڕووی چەندین تۆمەت کراوەتەوە، لەوانەش، سیخوڕیکردن و یارمەتیدانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2013 لە ڕووی داراییەوە و بەشداریکردنی لە کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی 2016 ی دژ بە ئەردۆغان.

لە مانگی 10 ی ساڵی 2017 دا کاڤالا دەستگیرکرا و لە ساڵی 2022 دا بە تۆمەتی ئەوەی گوایە هەوڵیداوە حکومەتەکەی ئەردۆغان بڕووخێنێت، سزای زیندانیکردنی تا هەتایی بەسەردا سەپێندرا.

هاوسەرەکەی کاڤالا، ئایشە بورگا کاڤالا لە ماوەی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا لە سەرۆکی کۆمەڵەی گشتی پەرلەمانی ئەنجومەنی ئەوروپا تینی کۆکسەوە، وتی " من زۆر دڵگرانم بەوەی کە خۆی لەگەڵماندا نیە ئەم خەڵاتە وەربگرێت. خەڵاتەکە زۆر گرنگە."

ڕەت کردنەوەی پابەندبوون بە فەرمانەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاوە لەلایەن تورکیاوە بۆ دەستبەجێ ئازادکردنی کاڤالا، پەیوەندییەکانی نێوان هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا و تورکیای خراپتر کردووە.

بەهۆی چۆنێتی مامەڵەکردنی تورکیاوە لەگە کاڤالادا، ئەنجومەنی ئەوروپا ڕێوشوێنی سەرپێچی یاخود پێشێلکاری دژی تورکیا دەستپێکردووە.

ئەوەش ڕەنگە ببێتە هۆی دەرکردنی تورکیا لە ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپادا.

ڕەخنەگران دەڵێن ئەوە تیشکیش دەخاتە سەر خراپتربوونی تۆماری تورکیا لە مافەکانی مرۆڤدا، بەتایبەتی لە ماوەی دەیەی دووەمی حکومڕانی ئەردۆغاندا.

مانگی ڕابردوو دادگای باڵای تورکیا تاوانبارکردنی کاڤالا و زیندانیکردنی تا هەتایی بەرزڕاگرت، ئەوەش بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ لابردنی حکومەتەکەی ئەردۆغان لە ماوەی خۆپیشاندانە بەرفراوانەکەی ساڵی 2013 ی تورکیادا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

This item is part of
XS
SM
MD
LG