پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەوروپا لە نوسراوێکدا دەڵێن یەکێتی ئەوروپا دەبێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ تایواندا قوڵتر بکاتەوە و دەستبکات بەکارکردن لەسەر ڕێکەوتنێکی وەبەرهێنان لە دورگەکەدا، ئەمەش چینی توڕە کرد کە لە ساڵی 2020 دا ڕێکەوتنێکی هاوشێوەی لەگەڵ یەکێتیەکەدا واژۆکرد و ماوەیەکە لەلایەن یەکێتیەکەوە ڕاگیراوە.
پەرلەمانی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی فەڕەنسا بە زۆرینەی دەنگ، 580 دەنگ بەرامبەر 20 دەنگ لە بەرژەوەندی بڕیارەکە دەنگیاندا، لە بڕیارەکەدا داوا لە کۆمسیۆنی ئەوروپا کراوە " بەپەلە هەڵسەنگاندنێک و ڕاوێژێکی گشتی بکات لەسەر ڕێکەوتنی وەبەرهێنانەکە لەگەڵ تایواندا."
پەرلەمانی ئەوروپا داواشی کرد ناوی ئۆفیسی بازرگانی یەکێتیەکە لە تایپێی بگۆڕدرێت بۆ ئۆفیسی یەکێتی ئەوروپا لە تایوان، ئەمەش لەکاتێکدایە یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامیش لە یەکێتیەکەدا پەیوەندی دیبلۆماتی فەڕمییان لەگەڵ تایواندا نیە، کە چین بە خاکی خۆی دەزانێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وانگ وێنبین " بە توندی سەرکۆنەی " بڕیارەکەی کرد.
وێنبین بە ڕۆژنامەنووسانی وت " یەکێتی ئەوروپا دەبێت بەزووترین کات کار و لێدوانەکانیان بوەستێنن کە سەروەری خاکی چین دەخەنە مەترسییەوە."
لەلای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوە تایوان سوپاسگوزاری خۆی بۆ ئەو پشتیوانیە دەربڕی و وتی بڕیارەکە " نیشانەیەکی نوێ " دەبێت بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیەکەدا.
لە ساڵی 2015 دا یەکێتی ئەوروپا تایوانی خستە لیستی ئەو وڵاتانەوە کە شایستەی ئەوەن ڕێکەوتنی وەبەرهێنانیان لەگەڵدا بکرێت، بەڵام لەو کاتەوە لەسەر ئەو بابەتە قسەی لەگەڵ تایواندا نەکردووە، بەڵام تایوان سوورە لەسەر گەیشتن بەو ڕێکەوتنە.
ساڵی ڕابردوو ڕێکەوتنێکی وەبەرهێنانی هاوشێوە لەنێوان یەکێتی ئەوروپا و چیندا واژۆ کرا، بەڵام چەند مانگێکە ئەو ڕێکەوتنە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە ڕاگیراوە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پەکین سزای سەپاندووە بەسەر پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەوروپادا سەبارەت بە ناکۆکیەکانیان لەسەر مافەکانی مرۆڤ.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز