Accessibility links

پەرلەمانی ئەوروپا: خوان گوایدۆ سەرۆکی شەرعی ڤەنزوێلایە


پەرلەمانی ئەوروپا دانی‌نا بە خوان گوایدۆ وەک سەرۆکی شەرعی ڤەنزوێلا بە وەکالەت وە بۆ ئەم مەبەستە داوای لە هەموو وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا کرد هەمان بڕیار بدەن.

پەرلەمانتارانی ئەوروپایی ئەمڕۆ پـێنجشەممە بە دەنگی 439 بەرامبەر 104 و دەنگ‌نەدانی 88 پەرلەمانتار، پـرۆژە بڕیارێکیان پەسەندکرد کە تیایدا هاتووە خوان گوایدۆ سەرۆکی شەرعی کۆماری ڤەنزوێلای بۆلیڤاریـیە بە وەکالەت و پـشتیوانی تەواو لە بەرنامەکەی دەکەن بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی ڕاستەقینە لە وڵاتەکەیدا.

پەرلەمانتاران کە لە دانشتنێکی گشتیدا لە برۆکسل ئەم بڕیارەیان پەسەندکرد، داواشیان لە فێدریکا مۆغێرنی بەرپـرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا کرد یەک هەڵوێستیان هەبێت و دان بە خوان گوایدۆ بنێن.

هەروەها لە بڕیارەکەدا هاتووە خوان گوایدۆ وەک سەرۆکی ڤەنزوێلا دانی پیادادەنێن هەتا ئەو کاتەی هەڵبژاردنێکی سەرۆکایەتی نوێ دەکرێت لە دۆخێکی ئازادانە و بێ فرتوفێڵ بە ئامانجی گەڕاندنەوەی دیموکراسی بۆ وڵاتەکە.

خوان گوایدۆ کە سەرۆکی پەرلەمانە، هەفتەی ڕابردوو لە بەردەم هەزاران لە لایەنگرانی لە کەراکاسی پایتەخت خۆی وەک سەرۆکی کاتی ڕاگەیاند. پاشان دانی پـیادانرا لە لایەن هەریەک لە ئەمەریکا، کەنەدا، بەڕازیل، چیلی، کۆلۆمبیا، کۆستاریکا، گواتیمالا، هندۆراس، پەنەما، بارگوای، پـیرۆ.

بەڵام ئیسپانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا ڕۆژی شەممە مۆڵەتی هەشت ڕۆژیان بە نیکۆلاس مادورۆ سەرۆکی مشتومڕ لەسەری ڤەنزوێلا داوە بڕیار بدات هەڵبژاردنێکی ئازاد ئەنجامبدرێت، ئەگەر نا ئەوا داندەنێن بە خوان گوایدۆ وەک سەرۆکی ڤەنزوێلا تاوەکو ئەو بە ئەرکی ڕێکخستنی هەڵبژاردنەکان هەستێت.

XS
SM
MD
LG