Accessibility links

تاڵیبان لەگەڵ شاندەکانی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپادا کۆدەبێتەوە


ڕۆژی سێشەممە تاڵیبان ڕاستەوخۆ لەگەڵ شاندەکانی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپادا کۆبۆوە، لەکاتێکدا بزوتنەوەکە لە هەوڵی ئەوەدایە پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت.

تاڵیبان هەوڵی ئەوە دەدات لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە دانی پێدابندرێت، هەروەها دەیەوێت یارمەتیە ئابوورییەکان بۆ وڵاتەکە دەستپێبکاتەوە تاوەکو کارەساتی مرۆیی لە ئەفغانستان ڕوونەدات.

کۆبوونەوە ڕاستەوخۆکان لە قەتەڕ بەڕێوەچوون کە ماوەیەکی زۆرە ئۆفیسی سیاسیی تاڵیبان لەو وڵاتەدا هەیە.

وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا نەبیلا مەسڕالی وتی کۆبوونەوەکە " ڕێگە بە ئەمەریکا و ئەوروپا دەدات باس لە کێشەکان بکەن." لەوانەش دابینکردنی ڕێڕەوێکی پارێزراو لەلایەن تاڵیبانەوە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ئەفغانستان جێبهێڵن، هەروەها بۆ گەیاندنی یارمەتیە مرۆییەکانیش، لەلایەکی دیکەشەوە ڕێزگرتن لە مافەکانی ئافرەتان و ڕێگە نەدان بەوەی ئەفغانستان ببێتە پەناگەیەکی پارێزراو بۆ " تیرۆریستان."

وتی " ئەمە کۆبوونەوەیەکی نافەڕمیە لەسەر ئاستی تەکنیکی. دانپێدانان نیە بە حکومەتی کاتی ئەفغانستاندا."

وەزیری دەرەوەی کاربەڕێکەری حکومەتەکەی ئەفغانستان ئەمیر خان موتەقی لە قەتەڕ وتی " پەیوەندییەکی ئەرێنیمان لەگەڵ سەرانسەری جیهاندا دەوێت."

وتی " باوەڕمان بە پەیوەندییەکی هاوسەنگی نێودەوڵەتی هەیە. باوەڕمان وایە ئەو هاوسەنگیە لە پەیوەندییەکاندا دەتوانێت ئەفغانستان لە ناجێگیری ڕزگار بکات."

موتەقی ئاماژەشی بەوەدا هیچ جیاکارییەک نیە لەگەڵ کۆمەڵگەی شیعەکاندا و وتی ڕێکخراوی داعشی خۆراسان کۆنتڕۆڵکراون.

وتی " لە سەدا 98 ی پلانەکانیانمان لەناوبردووە، ئیتر پلانەکانیان هەرچیەک بووبێت."

جێی ئاماژەیە ڕێکخراوی داعشی خۆراسان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕۆژی هەینی سەر مزگەوتەکەی شیعەکانی ڕاگەیاند کە بەهۆیەوە زیاتر لە 60 کەس کوژران.

بەهۆی خراپی ڕەوشی ئاسایشەوە لە ئەفغانستان، ڕۆژی دووشەممە ئەمەریکا و بەڕیتانیا هاوڵاتیانیان ئاگادارکردەوە خۆیان بەدووربگرن لە هۆتێلەکانی ئەفغانستان.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG