Accessibility links

ئەوروپا داوا لە ئەمەریکا دەکات کۆمپانیاکانی لە سزاکانی سەر ئێران ببورێت


فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا پـێکەوە لە نامەیەکدا بە فەرمی داوایان لە ئەمەریکا کردووە کۆمپانیاکانیان لەو سزایانە ببورێت کە دایناون بۆ سزادانی ئەو کۆمپانیایانەی کۆتایی بە کارەکانیان لە ئێران ناهێنن.

بغوینو لێ مێغ وەزیری ئابوری فەڕەنسا ئەمڕۆ چوارشەممە دەقی نامەکەی لەسەر تویتەرەکەی خۆی بڵاوکردووەتەوە کە لە 4 ی مانگی پـێنجەوە ئاڕاستەی ستیڤن مەنۆخن وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا و مایک پەمپـێۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کراوە و تیایدا نووسراوە "وەک هاوپەیمانان، پـێشبینی دەکەین ئەمەریکا ڕێوشوێنێک ناگرێتەبەر کە سزا بە بەرژەوەندیـیە ئاسایشیـیەکانی ئەوروپا بگەیەنێت."

پاشان لێ مێغ لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی "دەبێت ئەو کۆمپانیایانە بتوانن درێژە بە کارەکانیان بدەن."

لە دوای مۆرکردنی ڕێکەوتننامە ناوکیـیەکەی ئێران لە ساڵی 2015و سووکردنی بەشێک لە سزاکانی سەر ئەو وڵاتە، ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمپانیاکانی ئەوروپا کەوتنە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران و بە بەهای ملیاران دۆلار لەگەڵیدا گرێبەستیان مۆرکرد، بۆیە بە سەپاندنەوەی سەرلەنوێی سزاکانی ئەمەریکا بەسەر ئێران، ئەو کۆمپانیا ئەوروپایـیانە زیانی گەورەیان پـێدەگات.

کۆمپانیای تۆتالی فەڕەنسایی تایبەت بە دەرهێنانی نەوت و کۆمپانیای مێرسکی دانمارکی بۆ گواستنەوەی دەریایی دەڵێن لە پاش شەش مانگی دیکە لە سەپاندنەوەی سزاکان ناتوانن چیتر لەگەڵ ئێران کاربکەن مەگەر واشنتن لەو سزایانە بیانبورێت.

XS
SM
MD
LG