Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا هانی ئەنجامدانی چاکسازی لە لوبنان دەدات


یەکێتی ئەوروپا رۆژی سێشەممە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر پەسەندکردنی کابینەی نوێی حکومەتی لوبنان و داوای لەو حکومەتە کرد بە پەلە دەستبکات بە چاکسازی بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکە لەو قەیرانانەی تیایاندایە.

سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێف بۆرێڵ گوتی ڕاگەیاندنی کارنامەی حکومەتی نوێی لوبنانی هەنگاوە گرنگەکان دیاریدەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە جۆراوجۆرەکان، لەوانە دەستکردن بە دانوستان لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و ئەنجامدانی چاکسازی، بە دیاریکراوی لە کەرتی کارەبا وە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2022لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.

ناوبراو گوتی "ئێستا کاتی ئەوەیە کە دەست بە ڕێبازی بوژاندنەوە بکرێت لە رێی جێبەجێکردنی چاکسازییە متمانەپێکراو و بنەڕەتییەکان لە پێناو چارەسەرکردنی پێداویستی و داواکارییەکان بۆ هاوڵاتیانی لوبنانی" .

سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێف بۆرێڵ گوتیشی " سەرجەم پارتە سیاسیەکان و ڕابەرەکانیان بەرپرسیارێتییەکیان لە ئەستۆدایە بۆ پشتیوانیکردن و بەشداریکردنی کارایان بۆ ئەو هەوڵانە ".

رۆژی دووشەممە پەرلەمانی لوبنان کابینەی نوێی سەرۆک وەزیران نەجیب میقاتی پەسەندکرد کە ئەرکی رزگارکردنی ئابوری وڵاتی لە ئەستۆدایە لەمەڕ ئابوری داڕماوی لوبنانی دوای 13 مانگ لە چەقبەستویی سیاسی .

قەیرانی ئابوری لە لوبنان پاشەکەوتەکانی بانکی ناوەندی لوبنانی لە بن هێنا و هەروەها بە ڕێژەی پتر لەسەدا 90 بەهای دراوی لوبنانیشی دابەزاند و سێ لە کۆی چوار هاوڵاتی لوبنانی خستە ژێر هێڵی هەژارییەوە ، هاوکات بە هەزاران لەوانەی توانای داراییان هەیە لە وڵات کۆچ دەکەن.

جێی ئاماژەیە یەکێتی ئەوروپا هەڕەشەی لە دەستەبژێری سیاسی لوبنانی کردبوو کە ئەگەر لەسەر پێکهێنانی حکومەتێک پێک نەیەن ، ئەوا گەمارۆیان بەسەردا دەسەپێنێت .

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG