Accessibility links

ڤۆن دێر لین بۆ زێلێنسکی: هەفتەی داهاتوو بۆچوونەکان سەبارەت بە ئەندامێتی ئۆکرانیا لە یەکێتی ئەوروپا ئامادە دەبێت


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی و سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی و سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ کیێڤ بە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وت بۆچوونەکان سەبارەت بە داواکەی ئۆکرانیا بۆ چوونە پاڵ یەکێتی ئەوروپا تاوەکو کۆتایی هەفتەی داهاتوو ئامادە دەبێت.

ڤۆن دێر لین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لە کیێڤ وتی گفتوگۆکانی ڕۆژی شەممە لەگەڵ زێلێنسکیدا " یارمەتیمان دەدەن تاوەکو کۆتایی هەفتەی داهاتوو هەڵسەنگاندنی خۆمان سەبارەت بەوەی ئایا پێشنیاری ئۆکرانیا بکەین وەکو کاندیدێک بۆ ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپادا یاخود نا. "

ئەم هەنگاوەش کە کاتەکەی پێشبینی کراو بوو، ئەگەر پەسەند بکرێت، تەنها هەنگاوی سەرەتا دەبێت لە پڕۆسەیەکی دوورودرێژدا.

سەرجەم 27 ئەندامەکەی یەکێتی ئەوروپا دەبێت ڕازی ببن دۆخی کاندید بوون بدەن بە ئۆکرانیا، دوای ئەوەش گفتوگۆیەکی چڕ و پڕ دەکرێت لەسەر ئەو چاکسازییانەی کە داوا لە ئۆکرانیا دەکرێت جێبەجێیان بکات پێش ئەوەی بیر لەوە بکرێتەوە کیێڤ ببێتە ئەندام لە یەکێتییەکەدا.

لە سەرەتای جەنگەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا ئەمە دووەمین جارە سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا سەردانی ئۆکرانیا بکات، هەروەها بەبیری زێلێنسکی هێنایەوە کە سەرەڕای چاکسازییەکان لەسەر ئاستی بەڕێوبەرایەتی و بابەتەکانی دیکە، هێشتا کاری زۆرتر ماوە بکرێت.

ڤۆن دێر لین لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتی " کارێکی زۆرمان کردووە بۆ پتەوکردنی سەروەری یاسا، بەڵام هێشتا پێویستیی هەیە بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکان، بۆ نموونە: چاکسازی کردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی."

لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە کۆنفرانسەکەدا وتی " سەرانسەری ئەوروپا ئامانجی ڕووسیایە، ئۆکرانیا تەنها قۆناغی یەکەمە لەم دوژمنکارییەدا."

وتیشی " لەبەر ئەوەیە وەڵامێکی ئەرێنی یەکێتی ئەوروپا بۆ داواکەمان بۆ ئەندامێتی لە یەکێتییەکەدا دەکرێت وەڵامێکی ئەرێنی بێت بۆ ئەوەی ئاخۆ پڕۆژەی ئەوروپا هیچ داهاتوویەکی دەبێت یاخود نا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG