Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا بە ئۆکرانیا دەڵێت ئێستا کاتی سەپاندنی سزاکان نیە بەسەر ڕووسیادا


بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆڕێڵ
بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆڕێڵ

بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت یەکێتی ئەوروپا جارێ سزا بەسەر ڕووسیادا ناسەپێنێت، ئەمەش وەکو ڕەتکردنەوەی داواکەی ئۆکرانیا بۆ سەپاندنی بەشێک لە سزاکان لە ئێستادا.

وڵاتانی ڕۆژئاوا نیگەرانن لە زیادبوونی هێزەکان ڕووسیا لە نزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا و لەوە دەترسن مۆسکۆ ئامادەکاری بۆ داگیرکردن بکات. ڕووسیاش ئەوە ڕەت دەکاتەوە. ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی وتوویانە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئۆکرانیا ئەوا " سزایەکی زۆر گەورە " دەسەپێنێنن بەسەر ڕووسیادا.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا دوای گەیشتنی بۆ بڕۆکسل بەمەبەستی ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیەکەدا وتی " پێشبینی بڕیارەکان دەکەین."

وتی " ئێستا کۆمەڵێک بڕیار هەن کە یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت دەریانبکات بۆ ئەوەی پەیامێکی ڕوون بنێرێت بۆ ڕووسیا لەسەر ئەوەی زیادکردنی گرژییەکان جێی قبوڵکردن نیە و ئۆکرانیا بە تەنها جێناهێڵدرێت."

وتیشی " بڕوامان وایە هۆکاری باش هەن بۆ سەپاندنی بەشێک لە سزاکان تاوەکو دەریبخات یەکێتی ئەوروپا تەنها قسە ناکات بەڵکو کرداریشی هەیە."

بەڵام بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆڕێڵ و هەندێک لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕوونیان کردەوە یەکێتیەکە جارێ پلانی سەپاندنی سزاکانی نیە لە ئێستادا. بۆڕێڵ وتی هەوڵ دەدات کۆبوونەوەکەی یەکێتی ئەوروپا ڕازی بکات " سزاکان لە کاتی خۆیدا بسەپێنین."

بۆڕێڵ وتی لە ئێستادا یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی لە گفتوگۆکان دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی فەڕەنسا وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن بە زارەکی ڕێکەوتوون لەسەر ئۆکرانیا کۆببنەوە.

بۆڕێڵ وتی " کۆبوونەوەکان لەسەر ئاستی سەرۆکەکان و وەزیران بە هەر شێوازێک بێت، زۆر پێویستن."

وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا سایمن کۆڤێنی وتی یەکێتیەکە دەبێت سەنگ بخاتە سەر ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ مۆسکۆدا.

وتی " پێم وایە بۆ ڕێگەگرتن لە ڕوودانی جەنگ دەبێت قسە بکەین و سازدانێک بدۆزینەوە و بەرەو پێشەوە بڕۆین تاوەکو داگیرکردنەکە ڕوونەدات، ئەمە دەبێت ئەرکی سەرەکیمان بێت."

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی " یارییەکی نابەرپرسیارانە " لەگەڵ دانیشتوانی مەدەنی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا و داوای لێکرد بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆکردن.

بێربۆک لە بڕۆکسل بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بەپەلە داوا لە حکومەتی ڕووسیا و سەرۆکی ڕووسیا دەکەم یاری بە ژیانی مرۆڤەکان مەکەن. داوا لە حکومەتی ڕووسیا دەکەم بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆکان، ئەمە لە دەستی ئێوەدایە. بەرپرسیارێتیەکە لەسەر شانی حکومەتی ڕووسیادایە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG