Accessibility links

سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا لە کیێڤ: مێژوو بیری ناچێتەوە


سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چاڕڵس میشێل و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، کیێڤ
سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چاڕڵس میشێل و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، کیێڤ

سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چاڕڵس میشێل لەمیانەی سەردانێکی لە ناکاودا بۆ کیێڤی پایتەخت بەڵێنیدا ئەوروپا لە پشت ئۆکرانیادا بوەستێت، وتیشی دەبێت ئەوانەی کە گوایە تاوانی جەنگییان لە ئۆکرانیا ئەنجامداوە بدرێنە دەست داد.

میشێلی سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا کە نوێنەرایەتی 27 ئەندامەکەی یەکێتی ئەوروپا دەکات، پێش ئەوەی لە کیێڤی پایتەخت لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا کۆببێتەوە، سەردانی شارۆچکەی بۆرۆدیانکای باکووری ڕۆژئاوا کیێڤی کرد.

ئۆکرانیا دەڵێت هێزەکانی ڕووسیا لە بۆرۆدیانکا و بوچا کاری دڕندانەیان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامداوە. مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کردبێتە ئامانج و وتی ئەو تۆمەتانە لەلایەن کیێڤەوە دروست کراون تاوەکو بیانوویەک بهێننەوە بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر مۆسکۆدا.

میشێل لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ زێلێنسکی وتی " هیچ وشەیەک نیە بۆ دەربڕینی ئەو هەستەی کە هەمە. ئەمانە کاری دڕندانەن، ئەمانە تاوانی جەنگن. دەبێت سزا بدرێن. سزاش دەدرێن."

مێشێل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی " مێژوو ئەو تاوانانەی جەنگ لەبیر ناکات کە لێرە ئەنجامدراون. هیچ ئاشتییەک نابێت بەبێ دادپەروەری."

سەردانەکەی میشێل بۆ کیێڤ دوای ئەوە هات لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا هەریەک لە سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین و بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆڕێڵ و سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا ڕۆبەرتا میتسۆلا سەردانی کیێڤیان کرد.

میشێل لەکاتێکدا ستایشتی ئازایەتی گەلی ئۆکرانیای دەکرد وتی " ئێوە بە تەنها نین. ئێمە لەگەڵتانین و هەرچی بکرێت بۆ پشتیوانیکردن لە ئێوە و دڵنیابوونەوە لەوەی ئۆکرانیا لەم جەنگەدا سەرکەوتوو دەبێت ئەنجامی دەدەین."

میشێل وتیشی تاوەکو ئێستا یەکێتی ئەوروپا بە بەهای 1.5 ملیار یۆرۆ کەلوپەلی سەربازیی داوە بە ئۆکرانیا، هەروەها سزاشی بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، بەڵام وتی یەکێتیەکە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگای دیکە دەدات بۆ سزادانی مۆسکۆ.

مێشێل وتی " من متمانەم بەوە هەیە کە درەنگ یان زوو نەوت و گازی ڕووسیا دەکەینە ئامانج."

وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دابەشبوون لەسەر بابەتی ئەوەی کە ئایا هاوردەکردنی نەوت و گازی ڕووسیا قەدەغە بکەن یاخود نا، ئەڵمانیاش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پشتێکی زۆری بە هاوردەکردنی وزەی ڕووسیا بەستووە.

زێلێنسکی پێشوازی لەو " ئاماژە سیاسییە " کرد کە میشێل لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ بۆرۆدیانکا دەریخست، بەڵام داوای لە بڕۆکسل کرد سزاکانی سەر ڕووسیا پتەوتر بکەن و داواشی کرد " بەتەواوەتی هاوردەکردنی گاز و نەوتی ڕووسیا قەدەغە بکەن."

هەروەها پێشوازی لەو کۆمەڵە سزایە کرد کە یەکێتیەکە ئامادەی کردوون بۆ سەپاندنییان بەسەر ڕووسیادا، ئەمەش شەشەمین جار دەبێت یەکێتیەکە سزا بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت. زێلێنسکی وتی " نەوت دەبێت بەشێک بێت لە سزاکانی ئەمجارە، بەبێ نەوت سزاکان سوودیان نابێت، بەوشێوەیە بەهێز نابن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG