وڵاتانی ئەوروپی بەشدار لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە ڕاگەیەندراوەکەی ئێران کە تیایدا ڕایگەیاند ئەو سنوورەی بۆی دیاریکراوە لە عەمبارکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو بەپێی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە تێیپەڕاندووە.
وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەڕیتانیا و نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا سەبارەت بە ئێران وتیان " بەداخەوەین بۆ بڕیارەکەی ئێران کە گومان دەخاتە میکانیزمی سەرەکی ڕێگە نەدان بە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکییەوە."
هەروەها لە بەیاننامەکەدا دەڵێت " داوا لە ئێران دەکەین لەم هەنگاوەی پاشگەزببێتەوە و هیچ ڕێوشوێنێک نەگرێتەبەر کە ببێتەهۆی لەناوبردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز