Accessibility links

سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا داوای کۆبوونەوەیەکی تایبەت دەکات سەبارەت بە کشانەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا


سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا دانۆڵد تۆسک

سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا دانۆڵد تۆسک وتی لە نیوەی مانگی یانزەدا داوای کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکات لەنێوان سەرۆکەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا بۆ کۆتایی هێنان بە ڕێکەوتنەکان لەگەڵ بەڕیتانیا سەبارەت بە کشانەوەی لە یەکێتی ئەوروپا.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سالزبێرگی نەمسا وتی " دانوستانەکانی هاتنە دەرەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتییەکە گەیشتۆتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەوە. هێشتا هەندێک گریمانەی جیاواز هەیە کە دەکرێت وەربگیردرێن بەڵام دەمەوێت دڵنیا ببمەوە لە هەندێک لە پێشنیارەکانی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی کە گەشەکردنێکی ئەرێنیان پێوە دیارە."

تۆسک ئاماژەی بەوەدا پێشنیارەکانی تێریزا مەی پیشانی دەدەن کە بەڕیتانیا ئامادەیە لەنزیکەوە کار لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا بکات لە بوارەکانی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەدا، ئەمەش دوای کشانەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتییەکە. بەڵام جەختیشی لەوە کردەوە پێشنیارەکانی مەی سەبارەت بە سنوورەکانی داهاتووی بەڕیتانیا لەگەڵ ئێرلەندا و هاریکاریی ئابووری لەنێوان یەکێتی ئەوروپا و بەڕیتانیادا " پێویستی بە هەندێک دەستکاری و گفتوگۆی زیاتر هەیە."

تۆسک وتی " لەوانەیە ئەمڕۆ هیواکان زیاتر بن بەڵام بەدڵنیاییەوە کات بەرەو تەواو بوون دەچێت. هەر ڕۆژێک کە ماومانە دەبێت بە گفتوگۆکردن بیبەینە سەر. دەمەوێت لەم پایزەدا کۆتاییان پێبێنم."

هەروەها پێشنیاری ئەوەشی کرد لە نیوەی مانگی یانزەدا کۆبوونەوەیەکی تایبەتی دیکە ساز بکرێت سەبارەت بە هاتنە دەرەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG