Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا: بەڕیتانیا بەرەو جیابوونەوە دەچێت بەبێ ڕێکەوتن


سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ژان کلود یۆنکەر

یەکێتی ئەوروپا هۆشیاریدایە بەڕیتانیا لەوەی بەرەو جیابوونەوە دەچێت لە یەکێتیەکە بەبێ هیچ ڕێکەوتنێک، ئەمەش بەهۆی کەمی پێشنیارەکانی لەندەن سەبارەت بە گۆڕینی ڕەوشی تایبەتی ئێرلەندای باکوور.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ژان کلود یۆنکەر بە ئەندامانی یەکێتی ئەوروپای وت سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن ڕۆژی دووشەممە پێی ڕاگەیاندووە لەندەن هێشتا دەیەوێت ڕێکەوتنێک لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا واژۆ بکات بەڵام لە 31 ی مانگی 10 دا بە ڕێکەوتن یاخود بەبێ ڕێکەوتن بەڕیتانیا لە یەکێتیەکە جیادەبێتەوە.

وتیشی " ئەو کاتەی کە ماوە زۆر کورتە، مەترسی جیابوونەوە بەبێ ڕێکەوتن زۆر واقعییە."

لە ڕۆژانی 17 و 18 ی مانگی 10 دا ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا لە بڕۆکسل کۆدەبنەوە، تەنها دوو هەفتە پێش بەرواری فەڕمی جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، ئەمەش دوای سێ ساڵ لە دەنگدانی بەڕیتانیەکان لەبەرژەوەندی جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا.

خراپترین سیناریۆی جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا تێکچووی جوڵەی بازرگانی و کەمبوونەوەی دەرمان و خۆراک دەبێت.

یۆنکەر وتی پێویستە لەسەر لەندەن پێشنیاری واقعی پێشکەش بکات بۆ شوێنگرتنەوەی ڕەوشی تایبەتی ئێرلەندای باکوور کە سەرۆک وەزیری پێشووی بەڕیتانیا تێریزا مەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا ڕێکەوتبوو لەسەری.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG