Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا لە بارەی ڕێکەوتنەکەی نێوان تورکیا و لیبیا کۆدەبێتەوە


وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئەمڕۆ دووشەممە لە بارەی ئەو ڕێکەوتنەی نێوان تورکیا و لیبیا کۆبوونەوە کە ڕێگە بە ئەنکەرە دەدات بە دوای نەوت و گازی سروشتی بگەڕێت لە ناوچەیەکی دەریایی کە جێی ناکۆکی نێوان وڵاتانی سەر دەریای ناوەڕاستە.

جۆزێڤ بۆڕێڵ بەرپـرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەم بارەیەوە گوتی تاووتوێی ڕێکەوتنەکەیان کردووە، بەڵام باسی سەپاندنی سزایان نەکردووە.

ئەم ڕێکەوتنە ناڕەزایـیەکی زۆری لێکەوتەوە، بە تایبەتی لەلایەن کاربەدەستانی یۆنان و قوبرس و میسر، دەڵێن ڕێکەوتنەکە بە پـێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتیـیە. یۆنان لە بەرامبەردا باڵیۆزی لیبیای لە وڵاتەکەی دەرکرد.

ئەلێگزاندەر شالـلینبێرگ وەزیری دەرەوەی نەمسا گوتی " جێی سەرسوڕمانە، چۆن دەریای ناوەڕاستیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکردووە."

ستیف بلۆک وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ئەویش گوتی"هۆڵەندا هەمیشە پشتیوانێکی بەهێزە لە یاسای نێودەوڵەتی.. ئێمە لە پاڵ یۆنانداین.. دەبێت پشتیوانی لە یاسای نێودەوڵەتی بکرێت."

تورکیا و یۆنان هەرچەندە لە ئێستادا دوو وڵاتی ئەندامی ناتۆن، بەڵام لە مێژەوە ناکۆکی لە نێوانیاندا هەبووە، بە تایبەتی لە ناوچەی دەریای ئیجە. لەوەتای ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو هەتا ئێستا 3 جار دۆخی نێوانیان نزیکبووەتەوە لەوەی جەنگ هەڵبگیرسێنن.

XS
SM
MD
LG