Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا لەسەر قوبرس تاووتوێی سەپاندنی سزا بەسەر تورکیا دەکات


پاش ئەوەی تورکیا سووربوونی خۆی نیشانداوە لە پشکنین بە دوای گاز و نەوت لە نزیک کەنارەکانی قوبرس، یەکێتی ئەوروپا تاووتوێی سەپاندنی سزا بەسەر تورکیا دەکات.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت شاندەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دوێنێ پـێنجشەممە لە برۆکسل تاووتوێی بەرنووسێکیان کردووە کە تیایدا هاتووە، بەهۆی بەردەوامبوونی تورکیا لە پشکنینی نایاسایی بە دوای نەوت و گاز لە نزیک قوبرس، یەکێتی ئەوروپا دانوستاندنەکانی پەیوەست بە ڕێکەوتنی هاتوچۆی ئاسمانی ڕادەگرێت و ڕازی دەبێت کە لە ئێستادا هیچ کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرز لەگەڵ تورکیا ئەنجام نەدرێت، هەروەها یارمەتیە دارایـیەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ تورکیا کەمدەکرێنەوە.

تورکیا لەم مانگانەی دوایی هەردوو کەشتی (یافوز و فاتیح) ی ڕەوانەی نزیک کەنارەکانی قوبرس کردووە بە ئامانجی بشکنین بە دوای گازی سروشتی و نەوت لە ئاوی دەریادا. کەشتی فاتیح لە مانگی پـێنجەوە دەستبەکاربووە و لە ئێستادا کەشتی یافوز بۆ هەمان مەبەست کاردەکات.

پـێشتر دۆناڵد تاسک سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی یەکێتی ئەوروپا گوتی سەرەڕای ئەوەی دەیانەوێت باشترین پەیوەندی دراوسێتیان لەگەڵ تورکیادا هەبێت، بەڵام سووربوونی ئەو وڵاتە لەسەر پـێشێلکردنی سەروەری وڵاتێکی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا وەها دەکات یەکێتی ئەوروپا کاردانەوەی هەبێت.

XS
SM
MD
LG