دەسەڵاتدارانی تورکیا لە فڕۆکەخانەی ئستەنبوڵ ژنێکی کورد دەسـتگیردەکەن پاش ئەوەی هەردوو وڵاتی نەرویژ و ئەڵمانیا ڕتیانکردەوە مافی پەنابەری پـێبدەن.
ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێس دەڵێت گوڵزار تاشدەمیر تەمەن 42 ساڵ سەرەتا ڕووی لە وڵاتی نەرویژ کردبوو تاوەکو مافی پەنابەری پـێبدەن، بەڵام داواکەی ڕەتکراوەتەوە و ئەویش بەرەو ئەڵمانیا ڕۆیشتووە بەو هیوایەی لەوێ داواکەی پەسەندبکەن، بەڵام لەوێش هەمان وەڵامی وەرگرتووەتەوە و گەڕاندویانەتەوە بەرەو نەرویژ. پاشان کاربەدەستانی نەرویژ ئەمڕۆ پـێنجشەممە بە فڕۆکەیەک ڕەوانەی تورکیایان کردووەتەوە.
بەپـێی کاربەدەستانی تورکیا گوڵزار یەکسەر لە فڕۆکەخانە دەسـتگیرکراوە و کۆمەڵێک شتیان لێ سەندووە، لەوانە دوو مۆبایل و چەند دۆکۆمێنتێکی پەیوەست بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە لەگەڵ ژمارەیەک وێنەی خۆی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.
بەپـێی ڕاپـۆرتەکانی تورکیا گوڵزار لە ساڵی 1991 وە پەیوەندی بە پەکەکەوە کردووە و لە قەندیل مەشق و ڕاهێنانی چەکی پـێکراوە.