Accessibility links

بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا ڕازی دەبن لە مانگی سێدا لەگەڵ ئەردۆگان کۆببنەوە


وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا وتی بەرپرسانی باڵای یەکێتی ئەوروپا لە 26ی مانگی سێدا لە بولگاریا لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگاندا کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا و هەروەها بابەتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیش.

کۆبوونەوەکە لە شاری ڤارنا بەڕێوەدەچێت، هەندێک لە سیاسەتمەدارانی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل دانیان بەوەدا ناوە کە هەندێک لە ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر ئەم کۆبوونەوەیە ڕازی نەبوون.

سەرۆک وەزیری بولگاریا بۆیۆکۆ بۆریسۆڤ ئێوارەخوانێک ساز دەکات بۆ ئەردۆگان و دانۆد تۆسک کە سەرپەرشتی کۆبوونەوەکانی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا دەکات و هەروەها ژان کلود یۆنکەری سەرۆکی نوێنەرانی ئەوروپاش لەوێ دەبێت کە باڵی جێبەجێکاری یەکێتییەکەیە.

دوو بەرپرسی باڵای یەکێتییەکە لەسەر کۆبوونەوەکە وتیان " ئەمە هەلێکی باش دەبێت بۆ هەڵسانگاندنێکی هاوبەش بۆ ئەو بابەتانەی کە گرنگە بەلای هەردوولاوە، لەوانەش سەروەری یاسا و ئازادییە سەرەکییەکان، کە تا ئێستا ئەو دوو بابەتە جێی ناکۆکیی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیان."

لەدوای کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی 2016 ی تورکیاوە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و یەکێتی ئەوروپا تێکچوون بەهۆی ئەوەی ئەردۆگان لە لێدوانەکانیدا بەرامبەر هۆڵەندا و ئەڵمانیا لە سنوور لایدا.

بەڵام یەکێتی ئەوروپا لە بوارەکانی ئاسایش و کۆنتڕۆڵکردنی کۆچ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا پشت بە تورکیا دەبەستێت، هەروەها تورکیا دووەم گەورەترین سوپای ناتۆیە.

سیاسەتمەداران دەڵێن ئەم ڕاستییە وای کردووە یەکێتی ئەوروپا ڕازی ببێت بەوەی کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرز لەگەڵ تورکیادا ساز بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG