Accessibility links

چەند وڵاتێکی ئەوروپا خوازیاری ڕاگرتنی وتووێژەکانن لەگەڵ تورکیا بۆ هەوڵی بە ئەندامبوونی لە یەکێتی ئەوروپا

  • VOA News

ژمارەیەک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و لە سەروو هەموویانەوە ئەڵمانیا داوایانکردووە کۆمەکەکانیان بۆ هەوڵی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا کەم بکەنەوە، ئەمەش وەک دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر ناکۆکیـیەکانیان لەگەڵ ئەنکەرە.

ئەنگێلا مێرکڵ لەگەڵ گەیشتنی بۆ برۆکسل بە مەبەستی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی یەکێتی ئەوروپا، گوتی کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەو یارمەتیانەی یەکێتی ئەوروپا پـێشکەشی دەکات بۆ بە ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا.

گوتیشی داوایەکی سەرەکیـیە ئەنجومەنی ئەوروپا کە لە 28 وڵاتی یەکێتی ئەوروپا پـێکدێت، یەک هەڵوێستیان لەم بارەیەوە هەبێت.

باسی لەوەش کرد تورکیا لە ڕووی دەوڵەتی جێبەجێکردنی یاساوە بە ئاڕاستەیەکی خراپدا دەڕوات، ئەمەش جێی نیگەرانی زۆریانە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئەم تێڕوانینەی تەنها لەسەر بنچینەی دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی ئەڵمانی لە تورکیا نیـیە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە ئەنگێلا مێرکڵ لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا گوتی پـێشنیار بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات دانوستاندنەکانیان لەگەڵ تورکیا بۆ هەوڵی بە ئەندامبوونی لە یەکێتیـیەکەیان ڕابگرن.

هەریەک لە سەرۆک وەزیری هۆڵەندا و بەلجیکا ئەوانیش لێدوانی لەو شێوەیەیان لە دژی هەوڵی بە ئەندامبوونی تورکیا داوە.

بەڵام زۆربەی ڕێبەرانی ئەوروپا لەگەڵ ئەوەدا نین بە تەواوی تورکیا لە خۆیان دوربخەنەوە لە کاتێکدا هاوبەشێـکی گرنگیانە و بۆ پـرسی کۆچبەری و ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆرزم کاریان پـێیەتی.

XS
SM
MD
LG