Accessibility links

بەرپـرسێـکی یەکێتی ئەوروپا: تورکیا بە هەنگاوی گەورە لە ئەوروپا دوردەکەوێتەوە


سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت تورکیا بووەتە جێی نیگەرانیـیەکی گەورە لە ڕووی مافەکانی مرۆڤ و دەوڵەتی یاسا، وە بە تەواوی خۆی بەرپـرسە لە شکستهێنانی وتووێژەکانی تایبەت بە هەوڵی بە ئەندامبوونی لە نێو یەکێتی ئەوروپا.

ژان کلود یونکەر ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەی ساڵانەی باڵیۆزانی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل گوتیشی تورکیا بە هەنگاوی گەورە لە ئەوروپا دوردەکەوێتەوە و لە دەستی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندایە کە بە فەرمی داوابکرێت کۆتایی بە هەوڵەکانی تورکیا بهێنرێت بۆ هاتنە نێو یەکێتی ئەوروپا.

پاشان گوتی ئەو وەها بۆی دەچێت ئەردوغان خوازیاربێت ئەوروپا کۆتایی بە وتووێژەکان بهێنێت هەتا ئۆباڵی شکستهێنانەکە بخاتە ئەستۆی یەکێتی ئەوروپا. جەختی لەوە کرد کە لایەنی تورکی بە تەواوی بەرپـرسیارە و نابێت یەکێتی ئەوروپا بکەوێتە ئەو داوەوە.

پەیوەندیـیەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی تورکیا و ژمارەیەک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە ماوەی ساڵی ڕابردوو ڕووی لە گرژی کردووە، بە تایبەتی لەگەڵ ئەڵمانیا، بەڵام زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا هەوڵ دەدەن دۆخەکە هێوربکەنەوە تاوەکو تورکیا سنوورەکانی بۆ پەنابەران بەرەو ئەوروپا واڵا نەکات.

XS
SM
MD
LG