Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا لۆمەی تورکیا دەکات لەسەر دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانان


کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ و بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی و کۆمسیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری وڵاتان یۆهانس هان

بەرپرسانی باڵای یەکێتی ئەوروپا لۆمەی تورکیایان کرد لەسەر دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانان لەلایەن بەرپرسانی تورکیاوە و زیندانیکردنیان بۆ ماوەیەکی دووروودرێژ، ئەمەش لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ لە ئەنقەرە.

کۆمسیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری وڵاتان یۆهانس هان جەختی لە گرنگی گفتوگۆی سیاسی کردەوە. بەڵام وتی یەکێتی ئەوروپا نیگەرانە سەبارەت بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و بەرگریکاران لە مافەکانی مرۆڤ و چالاکەوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەلایەن بەرپرسانی تورکیاوە.

هان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا لەگەڵ چاوش ئۆغلۆ وتی " دەبێت ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی بتوانن کارە گرنگەکەیان ئەنجام بدەن."

هان باسی لە چالاکەوانێکی مافەکانی مرۆڤی دەکرد بە ناوی عوسمان کاڤالا و 13 چالاکەوانی دیکە کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن بەرپرسانی تورکیاوە دەستگیرکران لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا سەبارەت بە هەوڵی لەناوبردنی حکومەت لەمیانەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2013 دا.

یەکێتی ئەوروپا دوای کۆبوونەوەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند پێویستە لەسەر تورکیا " ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە بگرێتەبەر بۆ گۆڕینی ئەو ئاڕاستەیەی ئێستا پیایدا دەڕۆن و بیگۆڕن بە فەرمانڕەوایی کردن بە یاسا و مافە سەرەکییەکان."

بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا بە هەمان شێوە لۆمەی تورکیای کرد لەسەر دەستگیرکردنی چالاکەوانان و هیوای خواست سیاسەتمەداری کورد سەڵاحەدین دەمیرتاش بەمزووانە ئازاد بکرێت.

موگیرینی وتی " پێویستە لەسەر تورکیا پەیڕەوی فەرمانی دادگای ئەوروپا بکات سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ. دووڕووییمان نیە. پێوانەیەکی بەرزمان هەیە ئیتر ئەگەر حەزتان لێبێت یان نا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG