یەکێتی ئەوروپا ئامادەباشی خۆی پیشاندا بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتر دژی تورکیا ئەگەر ئەو وڵاتە ئامادە نەبێت گفتوگۆ بکات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، ئەمەش دوای ئەوەی تورکیا کەشتیەکی ڕەوانەی ناوچەیەک کردووە بۆ دەرهێنانی نەوت و گاز کە یۆنان خۆی بە خاوەنی ئەو ناوچە ئاوییە دەزانێت.
وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا لە حەوتەمین کۆبوونەوەیاندا لە کۆرسیکای فەڕەنسا " جەختیان لە پشتیوانی خۆیان کردەوە بۆ قوبرس و یۆنان دژی پێشێلکارییەکان و ئەو کارانەی تورکیا بەرامبەریان دەکات."
لە بەیاننامەکەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیەکەدا هاتووە دەڵێت " پێمان وایە لە چوارچێوەی ئەوەی کە تورکیا هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ گفتوگۆکردن و چالاکییەکانی ڕانەگرتووە، یەکێتی ئەوروپا ئامادەیە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی سزادان دژی تورکیا بگرێتەبەر کە دەکرێت لە 24 و 25 ی مانگی نۆدا لە ئەنجومەنی ئەوروپا تاوتوێ بکرێن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز