Accessibility links

دادگایەکی ئەوروپا دەڵێت دەسەڵاتدارانی تورکیا مافی ئازادی ڕادەربڕینی دەمیرتاشیان پـێشێلکردووە


دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ ECHR دەڵێت دەسەڵاتدارانی تورکیا مافی ئازادی ڕادەربڕینی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پـێشووی هەدەپەیان پـێشێلکردووە، کاتێک بە تاوانباریان داناوە لەسەر دەربڕینی تێڕوانینێکی لە میانەی چاوپـێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا.

دادگاکە کە بارەگاکەی لە شاری ستراسبۆرگی فەڕەنسایە، ئەمڕۆ سێشەممە ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی بە تێکڕای دەنگی دادوەرەکان کە یەکێکیان تورکە، بڕیاردراوە لە کەیسەکەی دەمیرتاش ماددەی 10 ی تایبەت بە ئازادی ڕادەربڕین لە ڕێکەوتننامەی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ پـێشێلکراوە.

دادگاکە دەڵێت کەیسەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2005 کاتێک سەڵاحەدین دەمیرتاش لە میانەی بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی بە تەلەفۆن قسەی کردبوو و داوای لە دەسەڵات و هاوڵاتیان کردبوو ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئوجالان ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لەبەرچاوبگرن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەی کورد و هەروەها داوایکردبوو دۆخی ئۆجالان لە زینداندا باشبکرێت. دادگاکە دەڵێت تەواوی ئەو لێدوانەی دەمیرتاش ناکرێت بە هاندان بۆ کاری توندوتیژی یان بۆ بەرهەڵستی چەکداری یان یاخیبوون دابنرێت، وە لەگەڵ ئەوەشدا هیچ هاندانێکی بۆ ڕق و کینەی تێدا نیـیە.

بۆیە دادگاکە بڕیاری داوە حکومەتی تورکیا 2500 یورۆ بدات بە دەمیرتاش وەک قەرەبوو بۆ پـێشێلکردنی ئەو مافەی و 1000 یورۆی دیکە بۆ خەرجیـیەکانی لەم کەیسی دادگایەدا.

جێی ئاماژەیە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە مانگی یازدەی ساڵی 2016 وە دەسـتگیرکراوە بە تۆمەتی پشتیوانی لە تێرۆرزم. دادگای یەکێتی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە مانگی یازدەی ساڵی 2018 داوای ئازادکردنی کرد، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا داواکەیان ڕەتکردەوە.

XS
SM
MD
LG