یەکێتی ئەوروپا داوا لە تورکیا دەکات ڕێز لە خاکی وڵاتان ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بگرێت، ئەمەش پاش ئەوەی کەشتیە جەنگیـیەکانی تورکیا ڕێگری دەکەن لەوەی قوبرس بە دوای گازی سروشتیدا بگەڕێت لە نێو ئاوەکانی لە دەریای ناوەڕاستدا.
مینا ئاندرێڤا گوتەبێژی کۆمسیاری یەکێتی ئەوروپا ئەمڕۆ دووشەممە گوتی پـێوستە تورکیا بەبێ هیچ چەندوچۆنێک پابەندی پەیوەندی دۆستانە بێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و خۆی بە دوربگرێت لە هەر گرژی و ئاڵۆزیـیەک لە بەرامبەر وڵاتێکی ئەندام.
هاوکات دۆناڵد توسک سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا لە تویتەری فەرمی خۆی نووسیویەتی قسەی لەگەڵ نیکۆس ئاناستاسیادس سەرۆکی قوبرس کردووە، وە داوا لە تورکیا دەکات لە هەڕەشە و کاری دژ بە ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا خۆی بە دوربگرێت، وە ئەنکەرە پابەندبێت بە چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکیـیەکان بە ڕێگەی ئاشتیانە.
لە نیکۆسیای پایتەختیش، وەزارەتی دەرەوەی قوبرس ئەم کارەی تورکیای سەرزەنشتکرد و لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی تورکیا یاسای نێودەوڵەتی پـشتگوێ خستووە و بە ئاشکرایانە مافی قوبرس پـێشێل دەکات.
جێی ئاماژەیە لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە کەشتیـیە جەنگیـیەکانی تورکیا بە ناوی چالاکی لەشکری ڕێگە بە کەشتیەکی کۆمپانیای Eni ی ئیتالی نادەن لە ئاوەکانی نزیک کەنارەکانی قوبرس بە دوای گازی سروشتیدا بگەڕێت، ئەمەش بەپـێی گرێبەستێک لە نێوان کۆمپانیاکە و حکومەتی قوبرس، ئەوەی لە لایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتیـیەوە دانیپـیادا نراوە.
تورکیا لای خۆیەوە دەڵێت حکومەتی قوبرس یەک لایەنە کار لە بواری کەرتی وزەدا دەکات بەبێ ئەوەی ڕەچاوی بەشی قوبرسی تورکی بکات.