Accessibility links

سەرەڕای زیانە ئابوورییەکان یەکێتی ئەوروپا هەوڵ دەدات بەردەوامی بدات بە پشتیوانییەکانی بۆ ئۆکرانیا


ڕۆژی دووشەممە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەوڵیاندا ڕێگەیەک بدۆزنەوە پیشانی بدەن یەکێتییەکە دەتوانێت پشتیوانییە دارایی و سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا بپارێزێت، ئەمەش سەرەڕای کاریگەرییە خراپەکانی بۆ سەر ئابوورییەکانی وڵاتانی یەکێتییەکە.

ڕەنگە وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییەکە 500 ملیۆن یۆرۆی دیکە پەسەند بکەن بۆ دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا، بەمەش پشتیوانییە سەربازییەکانی یەکێتییەکە بۆ ئۆکرانیا لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە دەگاتە 2 ملیار یۆرۆ. هەروەها نزیک بوونەتەوە لە ڕێکەوتن لەسەر قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ئاڵتونی ڕووسیا.

جێگری وەزیری دەرەوەی سوید ڕۆبەرت ڕیدبێرگ گوتی " دەبێت پشتیوانی لە ئۆکرانیا بکەین. سوید باس لە گرنگی ڕێکەوتن دەکات لەسەر پشتیوانییە نوێیە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا. هەروەها باس لە بابەتی گرنگیی بەردەوامیدان بە سزاکانی سەر ڕووسیا دەکەین."

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا دواتر ڕۆژی دووشەممە لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە وتارێک پێشکەشی کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییەکە دەکات، دیبلۆماتکارانی یەکێتییەکەش پێشبینی دەکەن کوڵێبا داوای سزای زیاتر بکات بۆ سەر ڕووسیا و چەکی زیاتر بۆ ئۆکرانیا.

بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت " پشتیوانییەکانمان بۆ ئۆکرانیا و سزاکانمان بۆ سەر ڕووسیا ڕاناگرین."

بەڵام دوای شەش جار سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیادا لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە و بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراک و سوتەمەنی لە ئەوروپا و جەنگەکە، بۆڕێڵ گوتی " ئارامییەکی ستراتیژیمان هەیە." گوتیشی هیوادارە لەگەڵ ڕووسیادا لەم هەفتەیەدا بگەنە ڕێکەوتنێک بۆ ڕێگەدان بە هەناردەکردنی گەنمە گەمارۆدراوەکەی ئۆکرانیا.

وەزیری دەرەوەی لیتوانیا گیبریلیوس لاندسبێرگیسیش داوای لە ئەوروپییەکان کرد لەسەر ئاڕاستەکە بمێننەوە، گوتی تەنانەت کاتێک حکومەتەکان و پەرلەمانەکان دەچنە پشووی هاوینەوە، هێزەکانی ڕووسیا " هیچ پلانێکیان نیە بۆ پشوودان لە ئەنجامدانی هێرشی زیاتر بۆ سەر ئۆکرانیا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG