دادگای دادی ئەوروپا ڕۆژی هەینی بڕیارێکی دەرکرد لەسەر ئەوەی کە نەتەوە و ڕەگەز " بەسن " بۆ وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپا تاوەکو مافی پەنابەرێتی بدات بە ژنانی ئەفغانی، کە مافەکانییان لە ژێر فەرمانڕەوایی تاڵیباندا لێسەندراوەتەوە.
دوای ئەوەی تاڵیبان لە ساڵی 2021 دا کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانیان کردەوە، کۆتوبەندی توندییان سەپاندووە بەسەر ژناندا لە شوێنە گشتییەکان.
ژنانی ئەفغانی قورسایی ئەو کۆتوبەندانەیان لە ئەستۆ گرتووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە " ڕەگەزپەرستی دژی ژنان " ناویبردووە.
بڕیارەکەی ڕۆژی هەینی دوای ئەوە دێت بەرپرسانی ئوستریا ڕەتییان کردەوە مافی پەنابەرێتی بدەن بە دوو ژنی ئەفغانی، دوو ژنەکە لە دادگای باڵای وڵاتەکە ڕووبەڕووی ئەو بڕیارە بوونەوە، دادگاکەش دۆسییەکەی ڕەوانەی دادگای دادی ئەوروپا کرد.
دادگای دادی ئەوروپا بڕیاریداوە کە ئەو ڕێوشوێنە جیاکارییانەی کە تاڵیبان پەیڕەوییان دەکات بەرامبەر ژنان " دەگەنە ئاستی سزادان " و ئەوەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە مافی پەنابەرێتی بدرێت بە ژنانی ئەفغانی.
وتی " بەرپرسانی وڵاتانی ئەندام دەبێت بیر لەوە بکەنەوە کە پێویست بەوە ناکات بڵێن ئەوە مەترسییە کە داواکار لە ڕاستیدا و بە تایبەتی ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی."
وتی " تەنها نەتەوە و ڕەگەزەکەی بەسە."
سوید و فینلەندا و دانیمارک پێشتر مافی پەنابەرێتییان داوە بە سەرجەم ئەو ژنە ئەفغانییانەی کە داوای پەنابەرییان کردووە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس