Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا بڕیار لەسەر ڕێکەوتنی جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتیەکە دەدات


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی
سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی

ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەکەیاندا لە بڕۆسکل لە کۆتاییدا بڕیاریان لەسەر ڕێکەوتنی جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دا و وتیان ئەو پلانەی کە ڕێکەوتوون لەسەری لەگەڵ سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەیدا باشترین ڕێکەوتنە کە بەڕیتانیا دەستی بکەوێت، ئەمەش وەکو هۆشیاریدانێک بۆ پەرلەمانی بەڕیتانیا تاوەکو ڕێکەوتنەکە ڕەت نەکەنەوە.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ژان کلود یۆنکەر دوای بڕیاردانی لەسەر ڕێکەوتنەکە وتی " بێ هیوا دەبن ئەوانەی کە پێیان وایە بە ڕەت کردنەوەی ئەم ڕێکەوتنە دەتوانن ڕێکەوتنێکی باشتر بەدەست بهێنن."

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی هەوڵیدا گرنگییەک بدات بە ڕێکەوتنەکە و وتی " تەنها ڕێکەوتنە کە لەبەردەستماندا بێت کە ڕێگە بدات بە کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی بەڕیتانیا و هاوسەنگییەکانی، لەگەڵ ئەوەشدا بەرجەستەکردنی یاساکانی یەکێتی ئەوروپایە کە لەبەرژەوەندیی کار و چالاکیەکان و ئاسایشی بەڕیتانیا و ئەوروپادایە".

دوای بڕیاردان لەسەر ڕێکەوتنەکە تێریزا مەی هیوای خواست پەیوەندییە توندوتۆڵەکانی نێوان بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپا بەردەوام بن وتی " لە هەر دانوستانێکدا، هەموو ئەو شتانەی کە دەتەوێت دەستت ناکەوێت. باوەڕم وایە گەلی بەڕیتانیا لەوە تێدەگات."

وتیشی دەنگدانی پەرلەمان لەسەر ڕێکەوتنەکە لەوانەیە یان دەرگا لەبەردەم داهاتوویەکی ڕۆشنتردا بکاتەوە، یاخوود دەبێتە هۆی زیادبوونی دابەشکارییەکان لە وڵاتەکەدا. وتیشی " بە هەموو دڵم پشتیوانی لەم ڕێکەوتنە دەکەم."

بەڵام کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کە ئەگەر پەرلەمانی بەڕیتانیا ڕێکەوتنەکە پەسەند نەکات، ئایا دەست لەکارەکەی دەکێشێتەوە، تێریزا مەی هیچ وەڵامێکی نەدایەوە.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆک وەزیری هۆڵەندا مارک ڕوتە وتی " هیچ پلانێکی دیکەی جێگرەوە نیە، ئەگەر لە بەڕیتانیا خەڵکانێک هەبن پێیان وابێت ڕەت کردنەوەی ڕێکەوتنەکە شتێکی باشتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەوا هەڵەن."

بەرپرسێکی باڵای یەکێتی ئەوروپا وتی تەنها پلانێک هەبێت لەجێی ئەم پلانە ئەوەیە کە بەڕیتانیا بەبێ هیچ ڕێکەوتنێک جیاببێتەوە، ئەوەش سیناریۆیەکە کە بەڕیتانیا دەخاتە ڕەوشێکی یاسایی زۆر خراپەوە و بە نەرێنی کاردەکاتە سەر ئابووری ئەوروپا.

ڕەخنەگرانی مەی دەڵێن ئەم ڕێکەوتنە دوای جیابوونەوەکەش بەڕیتانیا هەر دەبەستێتەوە بە یاساکانی یەکێتی ئەوروپاوە کە دوای جیابوونەوەکە ناتوانێت بەشداری بکات لە دیاریکردن و هەڵبژاردنی ئەو یاسایانەدا.

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جێرێمی هەنت وتی ڕێکەوتنی جیابوونەوەی وڵاتەکە لە یەکێتی ئەوروپا خاڵی دەستپێکردنی بەڕیتانیایە بەرەو بەدەستهێنانی هەموو ئەو شتانەی کە دەیەوێت لە جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتیەکە.

سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا دانۆڵد تۆسک وتی یەکێتیەکە سوورە لەسەر ئەوەی هەتا بتوانێت پەیوەندییەکی توندوتۆڵی هەبێت لەگەڵ بەڕیتانیادا، کە هەمیشە گومانی لە تەواویی یەکێتی ئەوروپا هەبووە، وتی " هەمیشە وەکو هاوڕێ دەمێنینەوە."

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی دەنگدان لەسەر جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا ئەوە دەردەخات کە ئەوروپا پێویستە چاکسازی ئەنجام بدات و پاریس بەڕیتانیا ناچار دەکات پابەند بێت بە یاسا توندەکانی یەکێتی ئەوروپاوە لەبەرامبەر بەدەستخستنی هەلی کار لەگەڵیاندا.

سەرۆک وەزیری لیتوانیا دالیا گریباوسکایتی باسی لە کۆمەڵێک سیناریۆ کرد لە حاڵەتێکدا ئەگەر پەرلەمانی بەڕیتانیا ڕێکەوتنەکە ڕەت بکەنەوە، لەنێویاندا باسی لە ئەگەری ئەنجامدانی گشتپرسییەکی دیکە کرد لە بەڕیتانیا یاخوود ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی نوێ تاوەکو سەرۆک وەزیرێکی نوێ جێی مەی بگرێتەوە، یاخوود گەڕانەوە بۆ برۆسکل بۆ ئەنجامدانی دانوستانێکی نوێ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG