Accessibility links

بۆڕێڵ: ڕووسیا ناچێتە گفتوگۆکردنەوە لە کاتێکدا هەوڵی بردنەوەی جەنگەکە دەدات


بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ
بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ

بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ دەڵێت باوەڕی وایە ڕووسیا ئارەزووی گفتوگۆکردن ناکات لە کاتێکدا کە هێشتا هەوڵی بردنەوەی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا دەدات، وتیشی " گەشبین نیە " سەبارەت بەوەی لەم هاوینەدا چی ڕوودەدات لە جەنگەکەدا.

بۆڕێڵ لە بۆنەیەکدا لە بەرشەلۆنا وتی " چڕبوونەوەی هێزەکان دەبینم لە هەردوولاوە، ئارەزووی ڕوونی ڕووسیا هەوڵدانە بۆ بردنەوەی جەنگەکە. ڕووسیا گفتوگۆ ناکات تاوەکو ئەو کاتەی هەوڵی بردنەوەی جەنگەکە نەدات."

وتیشی ڕووسیا چەندین جار ئاماژەی بەوە داوە هەڵمەتەکەی سووک ناکاتەوە تاوەکو ئامانجە سەربازییەکانی بە دەست نەهێنێت.

لێدوانەکانی بۆڕێڵ لە هەمان ڕۆژدا بوو کە ڕووسیا وتی سوپاکەی بنکە سەربازییەکانی ئۆکرانیای بۆردومان کردووە و هێزەکانی ئۆکرانیاش دامەزراوەکانی ناو ڕووسیایان بۆردومان کردووە.

بۆڕێڵ لە دوای بۆنەکە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پێم وایە لە نێوان ئێستا و هاویندا جەنگەکە بەردەوام دەبێت. پوتن زیاتر لە 300,000 سەربازی لەوێ کۆکردۆتەوە، دوو هێندەی ئەو ژمارەیەی کە بەکاریهێنا لە دەستپێکردنی داگیرکارییەکەدا."

وتیشی بوونی سەربازیی ڕووسیا لە ئۆکرانیا " ئێجگار زۆرە " و هێشتا ڕۆژانە بۆردومانی ئۆکرانیا دەکات و ژێرخانی مەدەنی ئەو وڵاتە لە ناودەبات.

وتی " پێم وایە بەبێ پلانێک ئەوە ناکەن. دەبێت ئامادە بین، ئەوەش مانای ئەوەیە دەبێت بەردەوام بین لە یارمەتیدانی ئۆکرانیا، چونکە ئەگەر یارمەتی نەدەین، ئۆکرانیا ناتوانێت بەرگری لە خۆی بکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG