وەزیری دەرەوەی دانیمارک پێش کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا وتی یەکێتی ئەوروپا ئامادەیە سزایەکی ئابووری بسەپێنێت بەسەر ڕووسیادا کە " هەرگیز پێشتر نەبیندراوە "، ئەمەش لە حاڵەتێکدا ئەگەر ڕووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا.
ماوەی چەند مانگێکە بەهۆی زیادبوونی هێزەکانی ڕووسیاوە لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا زیادبوون، وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن ڕووسیا ئامادەکاری بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا دەکات، بەڵام مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە پلانی لەوجۆرەی هەبێت.
وەزیری دەرەوەی دانیمارک یێپێ کۆفۆد بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەگەر ڕووسیا دووبارە ئۆکرانیا داگیربکاتەوە ئەوا هیچ گومانێک لەوەدا نیە ئێمە ئامادەین بۆ سەپاندنی سزایەک کە هەرگیز پێشتر نەبیندراوە." بەڵام ڕەتی کردەوە ئاماژە بەوە بدات سزاکان دەسەپێندرێن بەسەر چی کەرتێکی ڕووسیادا.
وتی " ڕووسیا دەبێت بزانێت، پوتن دەبێت بزانێت باجی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی بۆ گۆڕینی سنوورەکان لە ئەوروپا زۆر زۆر گەورە دەبێت، ئامادەین توندترین سزا بسەپێنین، توندتر لە سزاکانی ساڵی 2014."
دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 دا ڕووسیا نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای بەشێوەیەکی نایاسایی گرتەخۆی، یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا لە مانگی حەوتی ئەو ساڵەدا سزای ئابوورییان بەسەر ڕووسیادا سەپاند، سزاکان کەرتەکانی وزە و بانکی و بەرگریی ئەو وڵاتەی گرتەوە.
دیموکراتەکانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکاش پڕۆژە یاسایەکیان ئامادەکردووە بۆ سزادانی بەرپرسان و ڕابەرانی سەربازی ڕووسیا و دامەزراوە بانکییەکانی ئەو وڵاتە.
بەڵام ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز داوای لە ئەوروپا و ئەمەریکا کردووە بە وردی بیر بکەنەوە کاتێک تاوتوێی سەپاندنی سزاکان بەسەر ڕووسیادا دەکەن. ئەم لێدوانەی ئەڵمانیاش تیشک دەخاتە سەر کێشەکان لەبەردەم ڕێکەوتن لەسەر هەوڵێکی یەکگرتوو و هاوبەش دژی ڕووسیا.
وەزیری دەرەوەی ئوستریا ئالیکساندەر شاڵێنبێرگ وتی هەموو بژاردەکان گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
بەڵام ئاماژەشی بەوەدا لە سەدا 40 ی گازی وڵاتەکەی لە ڕووسیا دێت.
وەزیری دەرەوەی لۆکسۆمبۆرگ جین ئاسیلبۆرن وتی " ئێمە لێرەین تاوەکو هەرچی لە تواناماندا بێت بیکەین بۆ ئەوەی جەنگ هەڵنەگیرسێت."
دوای ئەوەی ئەمەریکا فەرمانیکرد ئەندامانی خێزانەکانی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئۆکرانیا ئەو وڵاتە جێبهێڵن، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆڕێڵ وتی لە ئێستادا یەکێتیەکە پلانی نیە بۆ کشاندنەوەی خێزانەکانی دیبلۆماتکاران لە ئۆکرانیا.
وتی " هەمان شت ناکەین چونکە هیچ هۆکارێکی دیاریکراو نازانین بۆ ئەوە. بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن پێمان دەڵێت."
ڕۆژی دووشەممە باڵیۆزخانەی بەڕیتانیا لە ئۆکرانیا ڕایگەیاند هەندێک لە کارمەندەکانی لە کیێڤ کشاندۆنەوە.
بۆڕێڵ وتی " گفتوگۆکان بەردەوامن." ئاماژەی بەوەدا هیچ هۆکارێکی نەبینیوە بۆ جێهێشتنی ئۆکرانیا بەڵام ئەگەر شتێک هەبێت " ئەوا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن هۆکارێکمان پێدەڵێت بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز